وه‌زیری رۆشنبیری: ته‌نیا له‌ رێكخستنه‌وه‌ی فێستیڤاڵه‌كاندا 5 ملیار دینارمان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌نجینه‌

حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

وەزیرى رۆشنبیرى و لاوان، حەمەی حەمە سەعید، بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له‌ وتارێكدا باسی لە گرنگترین کارو چالاکیەکانی وەزارەتەکەی كرد و رایگه‌یاند، له‌ رێگه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی فێستیڤاڵه‌كانه‌وه‌، بڕی 5 ملیار دینار گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌نجینه‌ی حكومه‌ت.

وه‌زیری رۆشنبیری له‌ وتارێكدا ئاشكراشیكردووه‌، به‌ هۆی پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆسییه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی پاره‌یان پێشتر پێدراوه‌ و پڕۆژه‌ هونه‌رییه‌كانیان نه‌كردووه‌، 1.681.000 دینار گەڕاوەتەوە یان بەرهەمەکانیان گەڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ وەزارەت و بۆ خەزێنەی گشتی.

ده‌قی وتاره‌كه‌ی وه‌زیری رۆشنبیری

وەزارەتی رۆشنبیری بەپێی یاسای گشتی ئەرکی سەرەکی پارستن و بەرگری کردنە لە زمانی کوردی نەتەوەیی و ئەنجامدانی چەندین کارو چالاکی هونەری و رۆشنبیری بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە، پاراستنی کتێبخانە گشتییەکان و نۆژەن کردنەوەیان بەمەبەستی گەیاندنی زانستی زیاتر، گرنگیدان بەکارە میدیاییەکان و بەرەو پێشبردنیان، ئەم وەزارەتە پەیوەندی بەهەموو توێژەکانی  ئەدەبی و هونەری و رۆشنبیری لەهەرێمی کوردستانەوە هەیە. 

 ئێمە لە ماوەى سێ ساڵی  رابردوودا لە رووى کارگێڕییەوە توانیومانە رۆتین کەم بکەینەوە.

لە رووى چاکسازییەوە پێداچوونەوەمان بە دۆسیەی فەرمانبەران کردووە و لە کۆی 6,858 دۆسیە، 6,168ـیان تەواو بوونە و پێداچوونەوە بە بڕی جیاوازى مووچەکەیان کراوە و بەمەش 167 ملیۆن دینار گەڕێنراوەتەوە خەزێنەى حکومەت.

لە رووى کار و چالاکییەکانمانەوە فێستیڤاڵە کوردستانییەکانمان رێک خستووەتەوە کە بەمەش نزیک پێنج ملیار دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت.

بۆ چارەسەرەى جۆرێک لەو پشێوییەى کە لە چاپى کتێبدا هەبووە، ژمارەی سپاردنمان رێک خستووەتەوە بۆ رزگاربوون لە بێسەروبەری چاپکردنی کتێب و لەو سێ ساڵەشدا 8000 ژمارەى سپاردنمان بەخشیوە بە نووسەران بۆ چاپکردنی  کتێبى جۆراوجۆر بۆ ئەوەى چاپ بکرێن لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

ـ بەکرێدانى یاریگاکانمان رێک خستووەتەوە و بەمەش 400 ملیۆن دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت

ـ لە پێداچوونەوەی سەرفی پایتەختی رۆشنبیری بەفایلی سەرفەکاندا چووینتەوە هەندێک کەیس دراونه‌تە دادگا ئەو پارەیەی وەریان گرتووە بۆ ئیشەکان جێبەجێیان  نەکردووە بەمەش  138 ملیۆن و 486 هەزار دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت و هەر لەم چوارچێوەیەشدا چەندین کەیس دراونەتە دادگا و چاوەڕێی یەکلاکردنەوەیان دەکەین..

ـ لە رووى کارى رێکلامى بازرگانییەوە، رێگریمان کردووە لە بەکارهێنانى خراپ و نایاسایی بەرهەم و ئاوازی هونەرمەندان و فۆلکلۆر کە ئەمەشمان لە پێناو پاراستنى مافى هونەرمەندان و پارستنى هونەرى کوردى کردووە کە سەرمایەیەکى گەورەى نیشتمانییە.

ـ رێبەری کاری میدیاییمان ئامادە کردووە کە چوارچێوەى کارى میدیایی لەسەر پڕەنسیپە پیشەیی و ماف و ئازادییەکان کارى تێدا کراوە و بەمەش دەکرێت بڵێین جۆرێک لە هەلومەرجى میدیایی و رێکلامى بازرگانى چارەسەر کراوە..

ـ لە کتێبخانە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان کە 92 کتێبخانەن، هەوڵمان داوە نۆژەن بکرێنەوەو رێک بخرێنەوە و هەوڵ دراوە هەل بۆ هاووڵاتیان بڕەخسێنرێ بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەرچاوە و لە کتێبەکاندا، فەزایەکى گونجاو بۆ لاوان و هاووڵاتیان بڕەخسێنین بۆ موتاڵاى زیاتر و لەو ژمارەیەشدا 114,166 کەس سودمەندبوونە لە خوێندنەوە و سەرچاوەکان.

ـ پێداچوونەوەمان بە دۆسیەی ئەو هونەرمەندانە کردووە کە پێشتر پارەیان وەرگرتوە و کارەکانیان ئەنجام نەداوە و یا بەرهەمەکانیان دیار نییە و بەمەش  بڕی 1,681,000 دینار گەڕاوەتەوە یان بەرهەمەکانیان گەڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ وەزارەت و بۆ خەزێنەی گشتی.

ـ ئێمە وەک وەزارەتیش بەردەوام کار و چالاکیمان هەبووە لە بواری رۆشنبیری گشتی و نزیکەى 4000 چالاکیمان لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان ئەنجام داوە بەتایبەت لە بوارەکانی میوزیک، شانۆ، شێوەکاری، پێشانگەی فۆتۆگرافی، سینەما، کۆنفڕاس و سیمینار، دیدار و پەیوەندی، یاد و پەیام.

ـ سەبارەت بەگرنگیدان بە زمانی کوردی هەنگاوی باش نراوە، وەک یەکێک لەو هەنگاوانە بۆ نموونە لەساڵی 2016 بۆ 2017  وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دابوو لە پۆلی شەش نمرەی  کوردی حیساب نەکرێت یان زمانی کوردی تەرک بێت لە تاقیکردنەوەکاندا بۆ کۆلێژەکانی پزیشکی و ئەندازیاری  وەزارەتی رۆشنبیری ئەمەی بە جۆرێک لە سوکایەتی بە زمانی کوردی داناوە و لەیاسای وەزارەتیشدا وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەگریکارە لە زمان و پاراستنی زمانی کوردی بۆیە پێشنیازمان کرد بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە بەخۆشحاڵییەوە سەرۆک وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران پێیان باش بوو بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە.