خەڵوز بۆ رۆژی رەش

هاوردەکردنی خەڵوز لە رووسیاوە بۆ ئەوروپا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - مۆسکۆ

لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، یەکێتی ئەوروپا کڕینی خەڵوزی رووسی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە بۆ 4 ملیۆن و 700 هەزار تۆن، کە بڕێکی زۆری لە رێگەی دەریاوە بووە، بەڵام لە رێگای شەمەندەفەرەوە کەمیکردووە، بەهۆی رەتکردنەوەی کەرەستەی خاوی رووسی لەلایەن پۆڵەنداوە.

بەپێی داتا سەرەتاییەکان، پێشتر لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هاوردەکردن بە شێوەیەکی رژد کەمیکردووەتەوە، چونکە ئەوروپا بە دوای جێگرەوەی رووسیا دەگەڕێت، کە لە بەرانبەردا بارکردن بۆ تورکیا و هیندستان زیاد دەکات.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا یەکێتی ئەوروپا کڕینی خەڵوزی رووسی بەڕێژەی 80% زیاد کرد بە بەراورد بە مانگی نیسان کە گەمارۆی سەر سەرچاوەکانی وزە لە رووسیاوە راگەیەندرا.

بەپێی دوایین داتاکانی یۆرۆستات، لە مانگی ئایاردا یەکێتی ئەوروپا بڕی 4.7 ملیۆن تۆن خەڵوزی بە بەهای 1.1 ملیارد یۆرۆ وەرگرتووە، لەکاتێکدا لە مانگی نیساندا 2.6 ملیۆن تۆن بە بەهای 700 ملیۆن یۆرۆ بووە. ئەم گەمارۆیە بە فەرمی لە مانگی ئابەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کاتێک وادەی گرێبەستەکان کۆتایی دێت.

رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بە پشتبەستن بە تێڕوانینی شرۆڤەکارانی CRU رایگەیاندووە کە لە مانگی حوزەیراندا یەکێتی ئەوروپا پێداویستییەکانی لە رووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە بۆ یەک ملیۆن و 700 هەزار تۆن، بەڵام تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی بۆ ئەم ماوەیە نییە.

نزیکەی نیوەی قەبارەی کڕدراوەکان لە هۆڵەندا هاتووە (2 ملیۆن و 200 هەزار تۆن خەڵوز، کە بەراورد بە مانگی نیسان چوار هێندە زیادیکردووە). پۆڵەندا کە پێشتر هاوردەکاری سەرەکی خەڵوزی رووسیا بووە، لە مانگی ئایاردا کەمترین قەبارەی خەڵوزی کڕیوە کە 19.2 هەزار تۆن بووە، بەمەش هاوردەکردنی بەڕێژەی 95% کەمکردووەتەوە.

لۆجستیکی دابینکردنی خەڵوز لە رووسیا بۆ ئەوروپا لە گۆڕاندایە، لە مانگی ئایاردا بارکردن لە رێگەی شەمەندەفەرەوە تەنها 54 هەزار تۆن بووە، لە کاتێکدا بەشێوەیەکی ئاسایی 600-800 هەزار تۆن بووە.

ئەو دابەزینە بەرچاوە، پەیوەندی بە کەمبوونەوەی کڕینەکانی پۆڵەندا هەیە کە بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵوزی لە رێگەی شەمەندەفەرەوە وەرگرتووە، ئێستا پشکی شێری خەڵوزی رووسیا لە رێگەی دەریاوە دێتە ئەوروپا لە هەمان کاتدا پۆڵەندا هێشتا ناتوانێت جێگرەوە بدۆزێتەوە. لە 17ی تەممووزی 2022، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا ماتێوس مۆراڤیسکی رایگەیاند، بەم زووانە وڵاتەکە رووبەڕووی کێشەی بەردەستبوونی خەڵوز دەبێتەوە.

وازهێنان لە خەڵوزی رووسیا بازاڕی جیهانی دەگۆڕێت

پێش سزاکان، رووسیا %65ی هاوردەکردنی بۆ یەکێتی ئەوروپا پێکدەهێنا، بە لەبەرچاوگرتنی کەمی خەڵوز لە جیهاندا، زۆر ئەستەمە بتوانرێت ئەو جۆرە قەبارانە بگۆڕدرێت. بەپێی خەمڵاندنەکانی SberCIB، لە وڵاتانی سەرەکی هەناردەکار کە لەلایەن ئەندەنوسیا، ئوسترالیا، باشووری ئەفریقا، کۆڵۆمبیا و ئەمەریکا نوێنەرایەتی دەکرێن، تەنیا دوو وڵاتی کۆتایی دەتوانن قەبارەی زیادە پێشکەش بکەن. کۆڵۆمبیا دەتوانێت 14 ملیۆن تەن قەبارەی زیادە دابین بکات، ئەمریکاش دەتوانێت 9 ملیۆن تۆن پێداویستییەکانی زیاد بکات. باقی وڵاتان، ئەگەر بتوانن هەناردە زیاد بکەن، زۆر نابن.

داتاکانی یۆرۆستات بۆ مانگی ئایار دەریدەخەن، تاکە وڵات کە هەناردەکردنی بۆ ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادکردووە باشووری ئەفریقا بووە، بەڕێژەی 197%، بۆ 858 هەزار تۆن، وڵاتانی تر ئەگەر پێداویستیان زیاد کرد، ئەوا کەمێک دەبێت.

خەڵوز
خەڵوز

رووسیا ناچارە هەناردەی خەڵوز بۆ ئاسیا ئاڕاستە بکاتەوە، کە کڕینی خەڵوزی رووسیا لەلایەن ژاپۆن و کۆریای باشوورەوە کەم دەبێتەوە، هەروەها لەلایەن چین و هیندستانەوە زیاد دەکات، بەپێی ئامارەکانی "کپلر" لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا چین 4 ملیۆن و 700 هەزار تۆن خەڵوزی لە رێگای دەریاییەوە لە رووسیا کڕیوە، لە مانگی ئایاری رابردووشدا بڕی 4 ملیۆن و 500 هەزار تۆن خەڵوزی لە رووسیا کڕیوە، لەکاتێکدا لە مانگی یەکدا 3 ملیۆن و 12 هەزار تۆن بووە و لە مانگی شوباتدا دوو ملیۆن و 61 هەزار تۆن بووە، بەڵام ئەگەر ژمارەکان بە ساڵانە بەراورد بکەین، ئەوا هاوردەکردن جێگیرتر دەردەکەوێت: لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا چین 5.2 ملیۆن تەن خەڵوزی لە رووسیا هاوردە کردووە، لە مانگی ئایاری هەمان ساڵدا - 4.08 ملیۆن تۆن.

هیندستان بەرزبوونەوەی بەرچاو لە هاوردەکردنی رووسیا نیشان دەدات

لە مانگی حوزەیران، 1.1 ملیۆن تەن کڕیوە، لە مانگی ئایاردا - 836 هەزار تۆن، ئەمەش نزیکەی دوو هێندە زیاترە لە مانگی یەک و شوباتدا.

ئاژانسی راوێژکاری CoalMint بڵاویکردەوە، کۆمپانیا رووسیەکان دەستیان کردووە بە باری بەردەوامی گواستنەوەی گەورەی خەڵوز بۆ دابینکردنی خواستی هیندستان، سەرەڕای تێچووی زۆری خەڵوز، کە بەهۆی نرخی سەرنج راکێشی خەڵوزەوە قەرەبوو دەکرێتەوە، هەروەها هەردوو وڵات بە گوێرەی ئاژانسەکە تاوتوێی زیندووکردنەوەی ڕێگای کەشتیوانی ڤلادیڤەستۆک-چێننام دەکەن، جگە لەوەش ئێستا باری رووسیا چالاکترە لە رێگەی ئێرانەوە دەچێتە هیندستان.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی سوودەکانی وازهێنان لە خەڵوزی ئەژمار کردووە، کە بەپێی داتاکانی کۆمپانیای CoalMint کە لەسەر بنەمای سەرچاوە جیاوازەکانە، هەناردەی خەڵوزی رووسیا بۆ نیوەی یەکەمی ئەمساڵ 108.7 ملیۆن تەن بووە، کە بەڕێژەی 4% زیاترە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو. شرۆڤەکاران پێیان وایە داتاکانی هەناردەکردن ئاماژەن بۆ گۆڕانکاری لە رەوتی بازرگانیدا، لەگەڵ لەدەستدانی بازاڕی ئەورووپا بەهۆی زیادبوونی کڕینەکانی هیندستان و تورکیاوە جێگیر دەکرێت، کۆمپانیای CoalMint پێی وایە کە بارکردن بۆ ئاسیا گەشە دەکات، چونکە کڕیاران ئارەزووی خەڵوزی کوالێتی رووسی دەکەن کە بە نرخێکی داشکاو پێشکەش دەکرێت.

ئامادەکردنی: یەڤگینی زەینولین - رۆژنامەی کەمێرسانت

وەرگێڕان: خۆشەوی محەمەد