پوتن لە ئێران؛ رووسیا دەیەوێ هەژموونی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان بدات

پوتن، دەیەوێ نیشانی بدات کە شەڕی رووسیا لە ئۆکرانیا، پێگەی مۆسکۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕەپانی جیهانیدا لاواز نەکردووە.

K24 - هەولێر

سەردانی پوتن بۆ ئێران، هەفتەیەک دوای سەردانی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆبوونەوەی لەگەڵ رێبەرانی چەند وڵاتێکی عەرەبی و بەتایبەت سعودیە دێت. بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی پێیانوایە سەردانەکەی پوتن، بۆ نیشاندانی یەکێتی نێوان تاران و مۆسکۆ و هەژموونی رووسیایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رۆژنامەی وال ستریت جۆرنال، لەگەڵ ئاماژەدان بە هەوڵی پوتن لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان ئێران و تورکیا، نووسیویەتی: سەردانەکەی سەرۆکی رووسیا، نیشانەی بایەخی پوتنە بۆ پاراستنی کارتی مۆسکۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بە پێی راپۆرتی ئەو رۆژنامە ئەمەریکییە، پوتن دەیەوێ نیشانی بدات کە شەڕی رووسیا لە ئۆکرانیا، پێگەی مۆسکۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕەپانی جیهانیدا لاواز نەکردووە.

ڤلادیمیر پوتن، سەرۆک کۆماری رووسیا، ئێوارەی رۆژی دووشەممە گەیشتە تاران و بڕیار وایە جارێکی دیکە لەگەڵ عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کۆببێتەوە.

ڤلادیمیر پوتن و عەلی خامنەیی رێبەری ئێران
ڤلادیمیر پوتن و عەلی خامنەیی رێبەری ئێران

ئەوە پێنجەم جارە کە ڤلادیمیر پوتن سەردانی ئێران دەکات و لە تەواوی سەردانەکانیدا، چاوی بە عەلی خامنەیی رێبەری ئێران کەوتووە.

ئەو سەردانەی، یەکەم سەردانییەتی بۆ وڵاتێکی دەرەوەی یەکێتی سۆفییەتی جاران، دوای هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا.

شێوەی "دۆستایەتی" پوتن لەگەڵ ئێران

یەکەمجار پوتن وەک سەرۆک کۆمار، ساڵی ٢٠٠٧ سەردانی تارانی کرد. لەو سەردانەیدا لە کۆبوونەوەی وڵاتانی دەریای قەزوین بەشداربوو و لەگەڵ مەحمود ئەحمەدینەژاد سەرۆک کۆماری ئەو کات و عەلی خامنەیی کۆبووەوە. پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ، تەوەری سەرەکیی ئەم دیدارانە بوو. سەرەڕای ئەوەش، لەو ساڵانەدا رووسیا پشتگیری لە تەواوی ئەو بەیاننامە و بڕیارانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کە دژی ئێران و بە مەبەستی ئابلۆقەخستنەسەری لە پەیوندی لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمی، دەردەکران. رووسیا لەو ساڵانەدا وەک ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش، بە هیچ شێوەیەک مافی "ڤێتۆی" خۆی بەرامبەر بە بڕیارەکانی دژ بە ئێران بەکار نەهێنا.  

سەرۆکی رووسیا هەشت ساڵ دواتر و لە ساڵی ٢٠١٥ جارێکی دیکە چووەوە  تاران. پوتن لەو سەردانەیدا، لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز بەشداربوو. پوتن لەگەڵ حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئێران کۆبووەوە و چەند لێکتێگەیشتنێکیان واژوو کرد، هاوکات لەگەڵ عەلی خامنەییش کۆبووەوە. رێبەری ئێران، پوتنی وەک "کەسایەتییەکی دیاری جیهانی ئەمڕۆ" ناساند و دووپاتی کردەوە کە باوەڕی بە ئەمەریکییەکان نییە. پوتن ئەو کات گوتی: رووسیا لە پشتەوە خەنجەر لە دۆستەکانی نادات.

نیازی مۆسکۆ و هەڵوێستی تاران

دواتر سەردانەکانی پوتن بۆ ئێران خێراتربوون. پوتن ساڵی ٢٠١٦ جارێکی دیکە سەردانی ئێرانی کرد و لە کۆبوونەوەی سێقۆڵیی ئێران، ئازربایجان و رووسیا بەشداربوو. پوتن لەو سەردانەشیدا، جارێکی دیکە لەگەڵ عەلی خامنەیی کۆبووەوە.

پوتن دوای کەمتر لە ساڵێک، جارێکی دیکە و بۆ چوارەمین جار چووەوە ئێران. ئەو، دیسان لەگەڵ رێبەری ئێران کۆبووەوە. عەلی خامنەیی ئەو کات هاوکاری نێوان رووسیا و ئێرانی لەبارەی پرسی سووریای وەک "نموونەیەکی دیار و ئەزموونێکی باشی هاوکاری" ناوهێنا.

حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران و ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا
حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران و ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا

 

پوتن ئەمجارە بە بیانوی بەشداری لە کۆبوونەوەی "ئاستانە" و بە ئامادەبوونی رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، سەردانی تاران دەکات. هەڵبەت کۆبوونەوەکە پرسی دیکەی وەک "پەیوەندی سەربازی و ئەمنی"، لەخۆ دەگرێ. لە ماوەی رابردوودا چەندین لێدوان و راپۆرت لەبارەری هاوکاری سەربازیی رووسیا و ئێران بڵاوبووەتەوە.

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، تا ئێستا دوو جار لە "عیشقئاباد" و مۆسکۆ، لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی خۆی کۆبووەتەوە. شێوەی پێشوازی پوتن لە ئیبراهیم رەئیسی لە فرۆکەخانە و کۆبوونەوەی دووقۆڵیدا، جارێکی دیکە ئەو بۆچوونەی زەق کردەوە کە مۆسکۆ، ئێرانی لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بەکار دێنێ.