باتیفا.. خانووی هاووڵاتییەک کەوتە بەر تۆپبارانی تورکیا

تۆپبارانەکە ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە ناو هاووڵاتییان
دیمەنی ئەو خانووەی کەوتووەتە بەر تۆپبارانی تورکیا
دیمەنی ئەو خانووەی کەوتووەتە بەر تۆپبارانی تورکیا

K24 – زاخۆ

لە گوندێکی سنووری قەزای باتیفای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، خانووی هاووڵاتییەک کەوتە بەر تۆپبارانی تورکیا.

ئیسلام یوسف پەیامنێری کوردستان24 لە زاخۆ رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندی سووریای سنووری قەزای باتیفا خانووی هاووڵاتییەک کەوتووەتە بەر تۆپبارانی تورکیا و زیانی زۆری مادی لێکەوتووەتەوە".

بەدەل موراد، موختاری گوندی سووریا بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ گولـلە تۆپێک بەر خانووی هاووڵاتییەکی گوندەکەمان کەوتووە، خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە، چونکە کەس لە خانووەکە نەبووە، بەڵام زیانی زۆری مادی بەرکەوتووە".

گوتیشی: "بە دووری 100 مەتر لەو خانووەی بەر تۆپباران کەوتووە، مزگەوت و خانوو هەن کە خەڵکی تێدا بووە، بۆیە ئەو تۆپبارانە ترس و دڵەڕاوکێی زۆری خستووەتە ناو هاووڵاتییان".

بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، زیانی زۆر بەر ناوچە سنوورییەکان کەوتووە و بەشێک لە گوندەکانیش چەند ساڵێکە چۆڵکراون.