چیدیکە پرۆسەی خانەنشینی هێزی پێشمەرگە راناگیرێت

K24 - هەولێر
ئەندامێکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای کرد، کە بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی خانەنشینیی دڵخوازانەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە.
سەروان هەرکی، ئەندامی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای کرد، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر خانەنشینی ٩٨٦ پلەدار و پێشمەرگەی لەشکری کوردستان داوە.
ئەو پەرلەمانتارە بە کوردستان٢٤ دەڵێ: وەک لیژنەی پێوەندیدار داوامان لە حکومت کردبوو کە پرۆسەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە نەوەستێت، بە خۆشحاڵییەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر داواکەی ئێمە دا و بڕیاردرا دەرگای خانەنشینی بە پێی یاسای خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە بە کراوەیی بمێنێتەوە.
"نادادپەروەری لە ناو ئەو پرۆسەکەدا هەیە"
رۆژی دووشەممە (١٨ی تەمووز)، لیژنەی پێشمەرگە لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا داواکاریی ژمارهیهك له ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە کە بێ میلاکن و کێشەی پلەبەرزکردنەوەیان هەیە، گفتوگۆی لەسەر کرا.

سەروان هەرکی کە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوو، گوتی: بەداخەوە لیوا هەیە ١٥ ساڵە پلەی بەرزنەکراوەتەوە و کەسی واش هەیە لە ساڵێکدا، دوو جار پلەی بەرز کراوەتەوە. بێگومان نادادپەروەری لە ناو ئەو پرۆسەیەدا هەیە. ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەین و نامانەوێ بە هۆی هەندێ کەسەوە حکومەت ناشیرین بکرێت.
ئەو پەرلەمانتارە، داوای شاندی میوانی بە "داوایەکی لۆژیکی" دەزانێ و گوتی: لێکتێگەشتنی باش هەبوو.
بڕیارە لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەی رۆژی داهاتووی خۆیدا، گفتوگۆ لەبارەی ئەو پرسەوە بکات. لیژنەکە دواتر تێبینی و پێشنیارەکانی خۆی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەی پێشمەرگە بەرز دەکاتەوە.