پرۆسەى گواستنەوە و دابەزینی قوتابیان بە ئۆنلاین دەستپێدەکات

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا: قوتابیان پێویست ناكات سه‌ردانی وه‌زاره‌ت و زانكۆكان بكه‌ن
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، سبه‌ی پرۆسه‌ی گواستنەوە و دابەزینی قوتابیان بۆ ساڵی نوێى خوێندن بە شێوازى ئۆنلاین دەستپێدەکات.

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد،‌ قوتابیانی زانكۆ حكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی وێبسایتی وه‌زاره‌ته‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌توانن گواستنه‌وه‌ و دابه‌زین ئه‌نجدام بده‌ن، رێكاره‌كانی پرۆسه‌كه‌ش له‌ سبه‌یه‌وه (20ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2022) له‌ وێبسایته‌كه‌یان كارا ده‌بێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ هاتووه‌: بۆ ساڵى خوێندنى (2022-2023) لە کاتى پرۆسەى گواستنەوە و دابەزین پێویست ناكات قوتابیان سەردانى وەزارەت و زانکۆکان بکەن، بەتایبەت بۆ ئەوانەى لە دەرەوەى شارەکان و پارێزگاکانى دیكه‌ی هەرێمى کوردستانن.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مەرج و رێنماییەکان ده‌خاته‌ڕوو، قوتابیان له‌ سبه‌وه‌ ده‌توانن له‌ رێگه‌ی لینكی گواستنه‌وه‌ و دابه‌زاندن داواكارییه‌كه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن و تا 30ی ئاب/ ئۆگه‌ستی 2022 پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.