رووسیا "گەورەترین وەبەرهێنان" لە کەرتی وزەی ئێراندا دەکات

وەزارەتی نەوتی ئێران بڵاوی کردووەوتەوە، لەگەڵ کۆمپانیانی گازپرۆمی رووسی رێککەوتوون بۆ ئەوەی بە بڕی ٤٠ ملیار دۆلار وەبەرهینان لە کەرتی وزەی ئێراندا بکات.
کۆنگرەی رۆژنامەنووسی موحسین خوجەستەمێهر، بەرێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران
کۆنگرەی رۆژنامەنووسی موحسین خوجەستەمێهر، بەرێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران

K24 - هەولێر

بەرێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران، رایگەیاند کە کۆمپانیای گازپرۆم، بە بڕی "دەیان ملیار دۆلار" وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی ئێراندا دەکات و بەمەش دەرهێنانی رۆژانەی گازی وڵاتەکەی، سەد ملیۆن مەتری چوارگۆشە زیاتر دەبێت.

موحسین خوجەستەمێهر، بەرێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران، رایگەیاند کە لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی واژوو کردووە و "ئەمەش گەورەترین وەبەرهێنانی بیانییە لە مێژووی پیشەسازیی نەوتی ئێراندا".

بە پێی لێکتێگەیشتنەکە، کۆمپانیای گازپرۆم بە بڕی دە ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە پەرەپەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی "کیش" و "پارسی باکوور"، دەکات.

موحسین خوجەستەمێهر، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: لەبارەی پەرەپێدانی شەش کێڵگەی نەوتیی دیکە و وەبەرهێنانی ١٥ ملیار دۆلاری لە کێڵگەی پارسی جنوبی، لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ گازپرۆم هەبووە.

بە هۆی شەڕی ئۆکرانیاوە، زۆربەی کۆمپانیا گەورەکانی رووسیا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوایی و ئەمەریکاوە، گەمارۆی ئابووریان خرایە سەر و سەرەڕای ئەوەش، بەرێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران، پێیوایە "لەوە نیگەران نین لە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکانمان لەگەڵ گازپرۆم بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەوە، جێبەجێ نەبن.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی نەوتی ئێران بڵاوی کردووەوتەوە، لەگەڵ کۆمپانیانی گازپرۆمی رووسی رێککەوتوون بۆ ئەوەی بە بڕی ٤٠ ملیار دۆلار وەبەرهینان لە کەرتی وزەی ئێراندا بکات.

ئەمڕۆ (سێشەممە ١٩ی تەمووز) کۆبوونەوەی لوتکەی ئێران، رووسیا و تورکیا لە تاران بەڕێوە دەچێت. ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبن.