عەلی خامنەیی: هێرش بۆ سەر سوریا بە زیانی تورکیایە

"دەبێ ئێران، تورکیا، رووسیا و سوریا بە گفتوگۆ ئەو پرسانە چارە بکەن"
کۆبوونەوەی رێبەری ئێران لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا
کۆبوونەوەی رێبەری ئێران لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا

 K24 - هەولێر

عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند کە هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی سوریا، "بە زیانی تورکیا، سوریا و ناوچەکەیە" و وڵامدانەوەیەکی سیاسیی باشی لە لایەن حکومەتی سوریاوە نابێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە مەبەستی بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ئێران، رووسیا و تورکیا، سەردانی تارانی کردووە.

ئەردۆغان لەو سەردانەیدا، لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران کۆبووەوە و میدیاکانی ئێرانیش پرسی سوریایان، وەک تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان، رووماڵ کردووە.

لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر بەشێک لە خاکی سوریا بە بیانووی راوەدوونانی "تیرۆریستان"، عەلی خامنەیی رایگەیاندوو: بێگومان دەبی رووبەڕووی تیرۆریزم ببینەوە، بەڵام هێرش بۆ سەر سوریا، لە بەرژەوەندی تیرۆریستان دایە، هەڵبەت تیرۆریستەکانیش تەنیا یەک گرووپ نین.

رێبەری ئێران دووپاتی کردووەتەوە، "بێگومان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هاوکاری تورکیا دەکەین. ئاسایشی تورکیا و سنوورەکانی، ئاسایشی ئێمەیە".

عەلی خامنەیی روو لە رەجەب تەیب ئەرۆغان گوتوویەتی: ئێوەش ئاسایشی سوریا، بە ئاسایشی خۆتان بزانن. کێشەی سوریا دەبی بە گفتوگۆ چارە بکرێت. دەبێ ئێران، تورکیا، رووسیا و سوریە بە گفتوگۆ ئەو پرسانە چارە بکەن.

هاوکات سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ ئاماژەدان بە بەرەنگاری چەندین ساڵەی ئێران و تورکیا لەگەڵ "تیرۆریستان"، رایگەیاندووە: هەندێ گرووپی تیرۆریستی لە سوریا چالاکن و یارمەتی چەک و تەقەمەنیان لەلایەن ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمەریکاوە پێ دەگات.

ئەردۆغان ئاماژەی بە هەڵوێستی  تورکیا بەرانبەر بە یەکپارچەیی خاکی سوریا دا و گوتی: دەمانەوێ حکومەتی سوریا رەوتی سیاسی دەستپێبکات. لەو کۆبوونەوەیەی ئاستانە کە لە تاران بەڕێوەدەچێت، پرسی سوریا لە بەرنامەی کار دایە و هیوادارین ئامانجی باشی هەبێ.