رووسیا: كۆگایه‌كی چه‌كی خۆرئاواییه‌كانمان له دۆنیتسك ته‌قانده‌وه
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا، رایگه‌یاند، له ناوچه‌ی ئۆدیسای باشووری ئۆكرانیا دوو كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی پێشكه‌وتووی خۆرئاواییه‌كانیان ته‌قاندووه‌ته‌وه، كه دابوویان به ئۆكرانیا.
ئیگۆر كوناشینكۆڤ، رۆژنامه‌وانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا، بڵاویكرده‌وه، هێزی ئاسمانی رووسیا به چه‌كی پێشكه‌وتوو، خاڵێكی بڵاوبوونه‌وه‌ی رێكخراوی "كه‌رتی راستی" نازییه‌كانی له هه‌رێمی زابۆروجیه، بۆردومان كردووه، له ئاكامدا 200 چه‌كداری ئه‌و گرووپه كوژراون.
ئه‌و رۆژنامه‌نووسه وتیشی: یه‌كێك له كه‌تیبه‌كانی لیوای 81ی هێزی ئاسمانی ئۆكرانیا له‌سه‌ر خاكی كۆماری دۆنیتسك، كراوه‌ته ئامانج و 60 چه‌كداری هێزه‌كه و كۆگایه‌كی چه‌ك و 7 زرێپۆشی سوپای ئۆكرانیا تێكشكێنراون.
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، 4 یه‌كه‌ی مووشه‌كی گراد و 13 تۆپهاوێژی هاوتزر و 10 تۆپی قورسی جۆری دی30 له دۆنیتسك ته‌قێنراونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها 7 پێگه‌ی فه‌ره‌مانده‌یی و 5 كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و سووته‌مه‌نی و هێزه ئۆكرانییه‌كان له 197 ناوچه له لایه‌ن فڕۆكه‌كانی رووسیاوه بۆردومان كراون.
به گوێره‌ی زانیاری وه‌زاره‌ته‌كه، له 24 كاتژمێری رابردوودا هێلیكۆپته‌رێكی جۆری می24ی ئۆكرانی و 4 فڕۆكه‌ی درۆن و 4 سه‌كۆی مووشه‌كی ئۆكرانیا تێكشكێنراون.
به گوێره‌ی ئاماری مۆسكۆ، تا ئێستا 257 فڕۆكه‌ی ئۆكرانی، 143 هێلیكۆپته‌ر، 1568 درۆن، 356 سیستمی مووشه‌كی دژه فڕۆكه، 4106 تانك و زرێپۆش، 759 سه‌كۆی مووشه‌ك، 3160 یه‌كه‌ی تۆپی قورس و هاون و 4392 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی كراونه‌ته ئامانج.
سه‌رچاوه: RT