پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە

لەسەر ئەم بابەتە وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت
ژمارەیەک فەرمانبەر
ژمارەیەک فەرمانبەر

K24 - هەولێر

بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و نەناردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق، لە سەرەتای ساڵی 2016 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاری راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران درا، ئێستا وەزارەتی دارایی خەریکی کارکردنە بۆ ئەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە.

لەسەر ئەم بابەتە لیژنەی دارایی پەرلەمان بانگهێشتی وەزیری دارایی دەکات، بۆ ئەوەی وردەکاری ئەم بابەتە بخاتەڕوو.

عومەر رەسوڵ، فەرمانبەرە لە کەرتی گشتی بە کوردستان24ی گوت: "من وەک فەرمانبەرێک، 17 ساڵە دامەزراوم، لەگەڵ بڕیاری راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە ساڵی 2016، وەک فەرمانبەرانی دیکە پلە بەرزکردنەوەم راگیراوە، نزیکە بووەتەوە ببێتە دوو پلە بەرزکردنەوە. ئەم پلە بەرزکردنەوەیەش، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دۆخی ژیانی فەرمانبەران هەبووە".

بڕیارە لەسەر ئەو بابەتە پەرلەمانی کوردستان، بانگێشتی وەزیری دارایی بکات، بۆ ئەوەی وردەکاری بخاتەڕوو.

بەهجەت عەلی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بابەتی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لای سەرۆکی حکومەت بابەتێکی گرنگە و لە چەند بۆنەیەکدا باسی کردووە، ئێمەش وەک لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان کارمان لەسەر ئەو بابەتە کردووە و لیژنەی لاوەکیمان بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری پێکهێناوە".

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی نووسراوی فەرمی بۆ گشت وەزارەت و دەستەکان نارد، بۆ ئەوەی دۆسیەی فەرمانبەرەکانیان بۆ وەزارەتی دارایی رەوانە بکەن، بە مەبەستی کارکردن لەسەر پلە بەرزکردنەوەیان، کە ماوەی شەش ساڵ زیاترە راگیراوە.