لوتکەی تاران دژی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستانە

هەر سێ سەرۆکەکە دژایەتی خۆیان بۆ "دەستبەسەرداگرتن و گواستنەوەی نایاسایی نەوت و داهاتەکەی" دووپاتده‌كه‌نه‌وه‌
سەرۆکانی تورکیا، ئێران و رووسیا
سەرۆکانی تورکیا، ئێران و رووسیا

K24 - هەولێر

سەرۆکانی وڵاتانی رووسیا، ئێران و تورکیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، دژایەتی خۆیان بۆ خۆسه‌ری (خودموختاری) لە رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و دووپاتیان لە یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە.

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی رۆژی سێشەممە (19ی تەممووز/ یۆلیۆی 2022)، کە لە تاران بەڕێوەچوو، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"، بەیاننامەکە 16 خاڵ لە خۆی دەگرێت و لە چەند خاڵێکدا دووپات لە یەکپارچەیی خاکی سووریا کراوەتەوە.

لە خاڵی چوارەمی بەیاننامەکەدا هاوتووە: "تەواوی هەوڵەکان بۆ سەپاندنی راستیی گۆڕەپانی شەڕ بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و لەوانە پرسی نایاسایی خۆسه‌ری (ئۆتۆنۆمی) رەتکرایەوە و ئامادەیی نیشان درا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەوڵێکی جیاخوازانە لە ئاراستەی لاوازیی دەسەڵات و یەکپارچەیی خاکی سووریا و هەڕەشە دژی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی هێرش و دزەکردن لە دەرەوەی سنوورەکانەوە".

لە خاڵی پێنجەمیشدا سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، "گفتوگۆ لەبارەی دۆخی باکووری سووریا کرا و دووپات کرایەوە، کە جێگیربوونی ئاسایش لەو ناوچەیەدا تەنیا لە رێگەی پاراستی دەسەڵات و یەکپارچەیی ئەو وڵاتەوە دەبێت و هەر بۆیە بڕیار درا، هەوڵەکان یەکبخرێن".

لەو خاڵەدا، هەر سێ سەرۆکەکە دژایەتی خۆیان بۆ "دەستبەسەرداگرتن و گواستنەوەی نایاسایی نەوت و داهاتەکەی" دووپاتی کردووەتەوە.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی تاران دووپاتیان کردووەتەوە، کێشەکانی سووریا لە رێگەی سەربازییەوە چارە ناکرێن و تەنیا رێگەی "دانوستانی سیاسی سووری – سووری"یە.

کۆبوونەوەی داهاتووی ئەو سێ وڵاتە لە سەر پێشنیاری ڤلادیمیر پوتن، لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.