تورکیا و ئێران لەسەر داهاتووی سووریا بۆچوونی جیاوازیان هەیە

رەئیسی: ئێران بەشێوەیەکی بەهێزتر بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی کردنی سووریا
ئیبراهیم رەئسی سەرۆک کۆماری ئێران - رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا
ئیبراهیم رەئسی سەرۆک کۆماری ئێران - رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا

K24 - هەولێر

لەكاتێكدا كۆبوونەوەی لوتكەی ئێران، توركیا و رووسیا لەسەر پرسی سووریا لە تاران بەرێوەچوو، كە توركیا و ئێران لەرۆژی یەكەمەوە رای جیاوازیان لەسەر داھاتووی سووریا ھەبووە، ناكۆكییەكە بەشێواز و قەوارەی جیاواز ئێستاش بەردەوامە.

دوێنێ 19/7/2022، حەوتەمین کۆبوونەوەی لوتکەی سێ قۆڵی ئێران-تورکیا – رووسیا لە تاران بەڕێوەچوو، لە گوتاری دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەدا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند: "ئێران، بەشێوەیەکی بەهێزتر بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی کردنی سووریا. 11 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی قەیرانی سووریا تیدەپەڕێت و ئێران هێشتا لەو بڕوایەدایە کە تاکە رێگا بۆ چارەسەری قەیرانەکە سیاسییە و چارەسەری سەربازیی دۆخەکە خراپتر دەکات".

هەر لە لوتکەی سێقۆڵیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "سوورین لەسەر ریشەکێشکردنی ئەو شوێنانەی کە لە سووریاوە ئاسایشی نەتەوەییمان دەکەنە ئامانج".

دوو دراوسێ، كە بەرژەوەندی زۆر و ناكۆكی قووڵیان ھەیە. ئێران و توركیا لەسەردەمی ھەردوو ئیمپراتۆری سەفەوی و عوسمانی بە یەكەوە پەیوەندیان ھەبووە، بەڵام قەت ناكۆكییەكانیان نەشاردووەتەوە، تەنانەت لەشكەركێشیشیان لەدژی یەكتر كردووە. ئێستاش ھەروایە، ھەردوولا بە پارێزەوە دۆستایەتی یەكتر دەكەن.

بەر لەھەموو شتێك دروستكردنی بەنداو لەلایەن توركیا، قەیرانێكی گەورەی كەم ئاوی لەئێران دروستكردووە، ھاوكات ھەردوولا گرفتی ئاسایشی سنوورەكانیان ھەیە. لە سووریا ناكۆكی جیدیان ھەیە، لەسەر قەرەباغ و ئازەربایجان رای جیاوازی جیدیان ھەیە. توركیا دەڵێ: ئێران چالاكی ھەواڵگری لەناو خاكەكەی دەكات. ھاوكات ئێران لە نزیكایەتی توركیا لە ئیسرائیل و رۆژئاوا نیگەرانە. ھەردوولاش یەكتر بە پشتیوانیكردن لە تیرۆر تۆمەتبار دەكەن، ھەرتۆمەتی ئەوە لە یەكتر دەدەن كە خەریكی فراوانخوازین لەناوچەکە، بەڵام لەگەڵ ھەمووی ئەوانەش 500 كیلۆمەتر سنووری ھاوبەشیان ھەیە و ھەردوولاش دەیانەوێ بەرژەوەندی ئابووری و ئەمنییەكانیان بپارێزن.

لەگەڵ ھەموو ئەوانە بەشێك لە داھاتووی سوریا كەوتووەتە دەست تاران و ئەنقەرە، چونكە ھەر لە رۆژی یەكەمی سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسی سووریا، ئەو دوو وڵاتە رای پێچەوانەیان لەسەر سووریا ھەبووەو ئێستاش بەشێواز و قەوارەی جیاواز ناكۆكییەكانیان ھەر بەردەوامن.