وەزارەتی ئەوقاف: کێشەی گەڕانەوەی حاجیان لە ئوردنەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە
K24 - هەولێر:
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو هاووڵاتیانەی کە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونەتە سعوددیە و لە فڕۆکەخانەیەکی ئوردن گرفتی گەڕانەوەیان بۆ دروست بووە، رایگەیاند، "پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 20 تەمووزی 2022، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەك لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا ژمارەیەك ھاووڵاتی دوای ئەنجامدانی فەریزەی حەج لە سعوودیە گەڕاونەتەوە و لە فڕۆکەخانەیەکی ئوردن کێشەیان بۆ دروست بووە.
لەو بارەیەوە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، "ئەو حاجیانە پەیوەندییان بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە نییە و لە رێگەی ئێمەشەوە گەشتیان نەکردووە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش درا، حاجیانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی بە ئیدارەدانێکی رێکخراو، دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و خواردن، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و ھاتووچۆو بەبێ ھیچ گرفتێک دەگەڕێنەوە و بەرپرسیارێتیشیان لە ئەستۆی وەزارەتە.
وەزارەتی ئەوقاف باسی لەوەش کرد، پێش ئەنجامدانی پرۆسەکەش چەندین جارجەختیان لەوە کردووەتەوە، کە ھەموو پرۆسەیەکی حەجکردن تەنیا لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەبێت، تاوەکو ھاووڵاتیان دوور بن لە ھەر کێشەیەک کە بەم شێوەیە روو دەدات.