بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان: بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە ھێرشانە دەکەین

ئاڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان
ئاڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

K24 – هه‌ولێر:

له‌ باره‌ی تۆپبارانی ئه‌مڕۆی زاخۆوه‌، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا ئیدانه‌ی تۆپبارانه‌كه‌ی كرد.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، كه‌ دلێر عه‌بدولخالق وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌، هاتووه‌: بەداخەوە، ئەمڕۆ چوارشەمە (20ی تەموزی 2022) بەھۆی ھێرشی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا؛ (9) ھاوڵاتی شەھید بون و (23) کەسی دیکەش لە ناوچەیەکی گەشتیاری ناحیەی دەرکاری قەزای زاخۆ برینداربون.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: ئەم ھێرشە ئاسمانیانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان، کە زۆرجار شوێنی نیشتەجێبونی کردووەتە ئامانج و خەڵکی سڤیل و منداڵ و ژنانی تێدا بوونە قوربانی؛ پێشێلکاری زەقی یاسا نێودەوڵەتیەکان و حسابنەکردنە بۆ سەروەری خاکی عێراق و مافەکانی مرۆڤ.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: ئێمە، لەکاتێکدا، بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە ھێرشانە دەکەین، لەھەمانکاتدا دامەزراوەکانی حوکمڕانی عێراق و ھەرێم لە سەرۆکایەتی کۆمار، ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی ئیتحادی، لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی ھەرێم دەخەینە ژێر بەرپرسیارێتی بۆ سنوردانان و کۆتایھێنان بەو پەلامار و پێشێلکارییانە کە سەدان خەڵکی بێتاوانی کردووەتە قوربانی.