عێراق چەند رێکارێک دژی تورکیا دەگرێتەبەر

"دەبێ تورکیا بە فەرمی داوای لێبوردن بکات و هەموو بنکە و بارەگا سەربازییەکانی لە تەواوی خاکی عێراق بکشێنێتەوە"
مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق
مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق

K24 - هەولێر

لەبارەی تۆپبارانی تورکیا بۆ سەر ناوچەیەکی گەشتیاری لە سنووری زاخۆ، ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌پەلەی رێکخست و چەند بڕیارێکی دژی هێرشەکانی تورکیادا.

دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوێکدا ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند "بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی تورکیا دەکەین، کە لە ناوچەیەکی گەشتیاری پارێزگای دهۆک گەشتیارانی کردە ئامانج و ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتەوە، داوا لە تورکیا دەکەین پێشێلکارییەکان رابگرێت و وەک دراوسێ رێز لە سەروەری خاکی عێراق و ئارامی هاووڵاتیان بگرێت".

راشیگەیاند "دەبێ تورکیا بە فەرمی داوای لێبوردن بکات و هەموو بنکە و بارەگا سەربازییەکانی لە تەواوی خاکی عێراق بکشێنێتەوە".

لە خاڵێکی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە "ئەنجومەنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دۆسیێەک لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سەروەری خاکی عێراق دەکاتەوە و سکاڵای بەپەلە ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات".

ئەوەشخراوەتەڕوو "وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بکات و بڕیاری یەکلاکەرەوە بدرێت".

لە بەشێکی دیکەدا راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لەسەر گرتنەبەری رێکارەکان بۆ رێگریکردن لە سەرپێچیەکان، هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان راپۆرتێک لەسەر دۆخی سنووری نێوان عێراق و تورکیا و گرتنەبەری هەموو رێکارێکی پێویست ئامادە بکات".

ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق راشیگەیاندووە "هێرشی گرووپە چەکدارەکان لەناو خاکی عێراق بۆ سەر هەر وڵاتێکی دیکە رەتدەکەینەوە".

کۆبوونەوەی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەرپەرشتی مستەفا کازمی
کۆبوونەوەی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەرپەرشتی مستەفا کازمی