ژن لەسەر تەندروستی خۆی دەبی چ بزانی

Kurd24

قۆناغی پێنجەم

قۆناغى پیربوون

لە دوای 70 ساڵی دەستپێدەکا، هەموو ئەندامەکانی ژن پیر دەبن و بەچاڵاکى نامینێنەوە. ئەوە پڕۆسەیەکی ئاسایی و بەردەوامە، لە ئەنجامی گۆڕانکاریی بایۆلۆژی، کە بەسەر ژناندا دێ، لە داهاتوودا ڕوودەدەن، کە بەشێکە لە پرۆسەی ژیان. کرۆکی پڕۆسەی پیربوون پەیوەندی بە سستبوونی دابەشبوونی خانەکانەوە هەیە.

هەموو پڕۆسەکان هێواش دەبنەوە، ئاستی پڕۆسەی گۆڕینی خواردنی کاربۆهیدرات و پڕۆتین و چەوری نزم دەبی. (لایسێتین) lycetina کەمدەبی، کە خواردنی چەوری ڕێکدەخا، کۆلستڕۆل زیاد دەکا و لەگەڵ خوێى کالسیۆم بەناوەوەى دیواری لوولەکانی خوێنەوە دەنووسێن و دەبیتە یاریدەر بۆ پێشخستنی نەخۆشیی رەقبوونى لوولەکانى خوێن atherosclerosis.

بە هێواشی کاری هێلکەدان نامینێ، هێلکەدان گچکە دەبیتەوە، منداڵدان وێکدێتەوە و هیچ کارێکیان نامینێ. تۆڕی چەوریی لەناو لەش زیاد دەکا، تۆڕی چەوری شوێنی شانەکانی ماسولکە دەگریتەوە. پێست وشک و چورچ دەبی، لەسەر پێستی دەموچاو کوریشک، بەتایبەتیش لەدەوروبەی چاو و مل پەیدا دەبیت. پڕۆسەی پیربوونی پێست دەکرێ لە ڕێگای بەکارهێنانی کرێمی تەڕکەر و شێدارکردن هێواش و لەسەرخۆ بکرێتەوە. هێسک باریکرتر و ناسکتر دەبی، بۆیە دەبی هۆشیارتر بجووڵێیەوە، بۆ ئەوەی لەگەى (لەجێ) نەچن و نەشکێن. هەر بۆ نموونە: لە تەمەنی پیربوون بەردەوام قووڵەپێ (جومگەى گۆزینگ) لەجێ دەچی ankle dislocations. بزووتن کەمدەبی، ڕۆیشتن هێواش دەبی. هەموو ئەندامەکان و دەمارەکانیش پیردەبن، خەو دەزڕێ، بێهێزی ڕووی تێدەکا، بۆیە گرنگە هێمنی و لەسەرخۆیی ناوەوە بپارێزرێ، خەم لە شتی قۆڕ نەخۆی، بۆ داوودەرمان ڕانەکەی، زۆرتر لە دەرەوە بیت و هەوای پاک هەڵبمژی، زیاتر بجووڵێیەوە، ڕوحت پیر نەبێ.

لە قۆناغی پیری، کۆمەڵێک نەخۆشی پەیدا دەبن لەوانە: تەسکبوونەوەی لوولەکانى خوێن، نەخۆشی دڵ، جەرگ، گورچیلە. یەک لەو ماکانەی کە لە کاتی پیری ژن تووشی دەبی ئێسک کون کونبوونە Osteoparosis، جومگەى چۆک (ئەژنۆ) تووشی هەوکردن دەبی، لەوکاتە ژن چۆکی ژان دەکا، زۆر بە گرانی دەڕوا، هەندێ جار بۆ ڕۆیشتن، پێویستی بە داردەست و گۆچان دەبی. لەوانەیە چارەسەریى بەدەرمان باش و گونجاو بێ. بێگومان باشترە بە نەشتەرگەری چارەسەر بکرێ. بەرهەمی تایبەت بۆ یارمەتی چۆک هەیە و لەکاتی ژانکردن یارمەتی چۆک دەدا، هەروەها گیراوە (جێل - گێل) و هەتوانى(مەرحەمی) تایبەت بۆ کەمکردنەوەی ئێشی چۆک هەیە.

خواردنی ژن لەم قۆناغەدا دەبی بە تێری و مەعقول بێ. سیستێمی خواردن دەبی لە بەرهەمەکانی شیر و سەوزە پێکبێ، خواردنی گۆشت کەمبکاتەوە، زیاتر ماسی و خواردنەکانی دەریا و ڤیتامینی پێویست بخوا، کە بە ڕێژەیەکی زۆر لە تەڕە و سەوزە هەیە. زۆر گرنگە لەم قۆناغەدا زۆر نەخوا، خواردنی چەور نەخوات و زۆریش خواردنی توند وەک بیبەر و ترشی و سرکە... هتد نەخوا. هەروەها ئامۆژگاری ناکرێ شیرنی زۆر بخوا، چونکە مەترسی زۆرە تووشی نەخۆشی مەترسیداری وەک شەکرە ببێ.

بە هەبوونی ئەو نەخۆشییە، گۆڕینی کاربۆهیدرات تێکدەچی، ئۆرگانەکانی لەش، وەک پێویست ناتوانن (ئینسۆلین) بەرهەم بێنن. ژن هەست بە بێهێزی و خەواڵوبوون lethargy دەکا، هەست بە لاوازی دەکا، چاوکزی و قاچەکانی دێشی. بۆ رێکخستنى ئینسولین، دەرزی لە نەخۆش دەدرێ، دیارە ئامێری دیکەش هەن، بەڵام ئەگەر ژن خۆى بۆ پیری بەدەستەوە نەدا، ژیانێكی تەندروست بژی، خواردنی دروست بخوا، ڤیتامینەکان بخوا، ڕاهێنانەکانی جوملاتسیک بکا، زۆر بەپێ بڕوا، هەموو ژیانى لە جووڵەدا بێ، کە دەکاتە ئەوەی ئەو زۆر دەژی، دڵخۆش و بە گەنجیش دەمینێتەوە.

وەرگێڕانی لە زمانی روسی د.مەغدید سەپان