وەزارەتی پەروەردەی عێراق: لە تاقیکردنەوەی بابەتی ئیسلامی هەڵەیەك روویداوە
K24 - هەولێر:
وەزارەتی پەروەردەی عێراق هەواڵی بوونی هەڵەیەك لە تاقیکردنەوەی بابەتی ئیسلامی بۆ پۆلی شەشی ناوەندی پشتراستکردەوە و رایگەیاند، ئەوەی روویداوە هەڵەی چاپ بووە، ناوەندەکانی تاقیکردنەوە لەم بابەتە ئاگادارکراونەتەوە و رێنماییان دراوەتێ بۆ راستکردنەوەی هەڵەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی تەمووزی 2022، دووەم تاقیکردنەوەی پۆلی شەشی ناوەندی (12ـی بنەڕەتی) کاتژمێر حەوت دەستیپێکرد و نیو ملیۆن قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەکەیان کردووە.
وتەبێژێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق سەبارەت بەو هەڵەیە گوتی: "ئەم شتانە زۆرجار روودەدەن، چونکە پرسیارەکان دوای چاپکردن هەڵدەگیرێن و دواتر وردبینی ناکرێن، هەڵەی تەکنیکی لە چاپکردندا روودەدات".
لەلایەکی دیکەوە، مامۆستایانی چالاک لە سۆشیال میدیا هۆشدارییان داوە لە دوو هەڵە، یەکەم هەڵە لە پرسیاری پێنجەمدایە و هەڵەی دووەم لە نووسینی ئایەتێکی قورئانیدا روویداوە، ئەمەش بەهۆی لەبیرکردنی وشەی (ان) لە ئایەتەکەدا.