ئەمەریکا بۆ ئێران؛ لە رێککەوتنی ئەتۆمی و پەیوەندی لەگەل رووسیا یەکیان هەڵبژێرە

روبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران
روبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران

K24 – هەولێر

رۆبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، رایگەیاندووە کە دەبێ حکومەتی تاران لە نێوان گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستانەکان پەیوەندی لەگەڵ رووسیا، یەکیان هەڵبژێرێت.

ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توییتەر نووسیویەتی، "پێموایە ئێران بە پێچەوانەی هەڵوێستی بێلایەنەی پێشتری خۆی لەبارەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئێستا دەیەوێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە رووسیا بفرۆشێت".

ئەو هەروەها رایگەیاندووە: ئێستا ئێران یەک هەڵبژاردەی لەبەر دەستە، یان پەیوەندییەکی لاواز لەگەڵ رووسیا هەڵبژێرێت و ئابوورییەکی سنوورداری لەبەردەست بێت، یان بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتننامەی بەرجام و پەیوەندی ئابووریی ئاسایی لەگەڵ دراوسێ، ئەوروپا و وڵاتانی جیهان هەبێت.

پێشتر کۆشکی سپی بڵاوی کردبووەوە کە ئێران دەیەوێت لە ماویەکی نزیکدا، سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکهەڵگر، رادەستی رووسیای بکات. ئەمەریکا ئەو کارەی مەحکوم کردووە.

هەر لەوبارەیەوە، لوید ئاستین، وەزیری بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە گۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی هاوبەش لەگەڵ مارک میلی، فەرماندەی فەرماندەیی هاوبەشی هێزی چەکدارەکانی ئەمەریکا، داوای لە ئێران کرد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە رووسیا نەفرۆشێت. ئاستین، گوتی: ئەوە کارێکی خراپە.

هەروەها مارک میلی، دووپاتی کردەوە کە رەوانەکردنی چەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ رووسیا، هەنگاوێکی "باش" نییە. لوید ئاستین و مارک میلی، باسیان لەوە نەکرد کە ئەگەر ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە رووسیا بدات، هەڵوێستی ئەمەریکا چ دەبێت.