کۆمکاری عەرەبی هێرش بۆ سەر هاوینەهەوارێکی زاخۆی مەحکوم کرد

پێویستە ئەنقەرە جاریکی دیکە بەسەر بنەماکانی دراوسێتی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بچێتەوە و بیپارێزێت

K24 – هەولێر

کۆمکاری عەرەبی، بۆردومانکردنی ناوچەیەکی گەشتیاریی زاخۆی مەحکوم کرد و داوای لە تورکیاش کرد بنەماکانی دراوسێتی بپارێزێت.

جەمال روشدی، وتەبێژی کۆمکاری عەرەبی لەسەر زاری ئەحمەد ئەبوغێت، سکرتێری گشتیی ئەو کۆمکارە، رایگەیاند، "ئەوە دەستدرێژیی تورکیایە بۆ سەر سەروەری عێراق و بە تەواوی مەحکومی دەکەین، ئەمە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی دراسێیەتییە".

ئەو، هەروەها دووپاتی کردووەتەوە، "هەر جۆرە دەستدرێژی یان پێشلکردنی سەروەری وڵاتانی عەڕەبی مەحکوم دەکەین. پێویستە ئەنقەرە جاریکی دیکە بەسەر بنەماکانی دراوسێتی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بچێتەوە و بیپارێزێت. ئەنقەرە دەبێ خۆی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسێۆن لە هەر وڵاتێکی عەرەبی و بە هەر بیانوویەک، بپارێزێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دووپاتی کردووەتەوە کە سوپای ئەو وڵاتە هێرشەکەی نەکردووە.

چاوشئۆغڵو دەڵێت، "بۆ ده‌ركه‌وتنی راستییه‌كان، ئاماده‌ی هاوكارین، توركیا ناوچه‌ی مه‌ده‌نی ناكاته‌ ئامانج".

دوێنێ 20/7/2022 هاوینەهەواری گوندی پەرەخێ لە سنووری ناحیەی دەرکاری سەر بە زاخۆ تۆپباران کرا و لە ئەنجامدا 9 گەشتیاری عەرەب شەهیدبوون و زیاتر لە 25 گەشتیاری دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە وەزیر و پەرلەمانتاران و بەرپرسان، تەرمی 9 شەهیدەکە بەرەو بەغدا بەڕێکران.