تورکیا: بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی مۆڵەت لە کەس وەرناگرین

مەولوود چاووشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا
مەولوود چاووشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا

K24 – هەولێر

دوای دژایەتی راستەوخۆی رووسیا و ئێران لەگەڵ هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند کە ئەنقەرە بۆ هێرشکردنە سەر "چەکدارانی کورد"، پێویستی بە مۆڵەتی کەس نییە.

دوو رۆژ پێش لەو لێدوانەی مەولوود چاووشئۆغلو، کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئێران، تورکیا و رووسیا لە تاران بەرێوەچوو. پرسی سووریا، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی تاران بوو. رووسیا و ئێران لەو کۆبوونەوەیەدا، دژایەتی خۆیان بۆ هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەربڕی.

چاووشئۆغلو، لە چاوپێکەوتێنکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێ: ئێمە [لە تاران] بیروڕامان گۆڕییەوە، بەڵام هیچ کاتێک داوامان نەکردووە و بەدوای رێگەپێدان بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە هیچ لایەنێک نەبووینە.

ئەو بۆچوونەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، رەنگە ئاماژە بە هەڵوێستی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت. خامنەیی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بە روونی باسی لە هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر سووریا و "ئاکامەکانی" کردبوو.

رێبەری ئێران دووپاتی کردبووەوە کە کێشەکانی سووریا پێویستە لە رێگەی سیاسی و دیپلۆماسی چارە بکرێن.  

چاووشئۆغلو، باسی لە گەڕێکی نوێی گوشاری سەربازیی تورکیا دژ بە هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی: ئێمە بۆ شەڕی دژ بە تیرۆر، مۆڵەت لە کەس وەرناگرین. رەنگە ئەوە لە ناکاو، لە شەوێکدا رووبدات.