دەستبەسەراگرتنی نزیکەی کیلۆیەك ماددەی هۆشبەر راگەیەندرا

"سێ تۆمەتبار لەسەر بازرگانیکردن بەو ماددانە دەستگیرکراون"
دەستگیرکراوەکان
دەستگیرکراوەکان

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، دەستگیراوە بەسەر بڕی 570 گرام کریستاڵ و 390 گرام حەشیش و 30 گرام جامایکادا و سێ تۆمەتبار لەسەر بازرگانیکردن بەو ماددانە دەستگیرکراون.

لە راگەیەندراوێکیدا ئەمڕۆ (21ی تەممووزی 2022)، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، لە دوای بەدواداچوون و چاودێرییەکی ورد لەلایەن ئەفسەران و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە، توانیویانە لە شارۆچکەی بەحرکە دەستبگرن بەسەر ماددە هۆشبەرەکاندا.

دەستبەسەراگرتنی نزیکەی کیلۆیەك ماددەی هۆشبەر
دەستبەسەراگرتنی نزیکەی کیلۆیەك ماددەی هۆشبەر

هەروەها تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دەستیگرتووە بەسەر شەش شیت حەبی هۆشبەردا، کە لە جۆری ترامادۆڵ بووە.

ئاماژە بەوەشدراوە، کە لەسەر دۆسیەکە، سێ تۆمەتبار بەناوەکانی (س ـ ف ـ ب) و (ب ـ ب ـ ع) و (ڕـ ش ـ ق) کە بارزگانیان بە ماددەکان کردووە و بڵاویان کردوونەتەوە لە سنووری پارێزگای هەولێردا، بۆیە دۆسیەیان بۆکراوەتەوە و رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراون.

ماددە هۆشبەرەکان، دەبنە هۆی لەهۆشخۆچوون و دابڕانی مرۆڤ لە ژینگەی سرووشتی خۆی، لە ئەنجامی زۆر بەکارهێنانیدا مرۆڤ ئالوودە و ژەهراوی دەبێت، ئەو ماددانە لە رێگەی دەم، دەرزی، بۆنکردن و هەڵمژینی دووکەڵەکەیەوە، دەچێتە جەستەی مرۆڤەوە و کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەست و دەمار دروستدەکات.