لە مەیدانی دارفرۆشانی سلێمانی ئاگرکەوتەوە

"بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان دوو کەس دۆخی تەندروستییان تێكچووە"
کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە
کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە

K24 - سلێمانی:

لە مەیدانی دارفرۆشانی سلێمانی ئاگرکەوتەوە و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، دوو کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە دۆخی تەندروستییان تێكچووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی تەممووزی 2022، ئاگرەکە لە مەیدانی دارفرۆشانی سلێمانی کەوتەوە و بە گوتەی شایەتحاڵەکان، ئاگرەکە لە کۆگایەکدا کەوتووەتەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە.

مەیدان یان بازاڕی دارفرۆشانی سلێمانی، دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکی سلێمانی – عەربەت، کە تایبەتە بە ساغکردنەوەی دار و تەختە و ئەو کەلوپەلانەی لە دروستکردنی بیناسازیدا بەکاردەهێندرێن.

تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و قەبارەی زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکە بە فەرمی لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە رانەگەیەندراوە.