پارێزگارى هەولێر: بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ دهگۆڕین
K24 - ههولێر:
ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر له راگهیهندراوێكدا ئاشكرای كرد، بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ ماوهی كاركردنی بهسهرچووه، تهواوی بۆڕییهكه دهگۆڕێن، كه 11 كیلۆمهتره و بودجهی 20 ملیار دیناری بۆ تهرخانكراوه.
له راگهیهندراوهكهدا هاتووه: بۆڕى ئاوى ئیفرازسێ، کە ماوە ماوە دەشکێ و دەبێتە هۆى ئەوەى لە 40%ی گەڕەکەکانى شارى هەولێر بێ ئاوبێت، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵى 2004ـهوە لە زێى گەورە بۆ ناو شارى هەولێر لەلایەن ئەمهریکاوە دەستیپێکراوە و تەواوى جێبەجێکردنى پڕۆژەکەش لە ئەستۆى ئەواندا بووە.
ئاماژه بهوهش كراوه، تەنانەت هەڵبژاردنى جۆرى بۆڕى ئاوەکەش هەر لەلایەن ئەوانەوە دەستنیشانکراوە، کە لە جۆرى (GRP)یە واتە فاپیبەرگڵاسه، ئەم جۆرە بۆڕییە ماوەیەکى دیاریکراوى هەیە بۆ کارکردن و لەدواى بەسەرچوونى ماوەکەى بەرگەگرتنى نامێنێت و بەبچووکترین بەرکەوتن دووچارى شکان دەبێت.
پارێزگارى هەولێر روونیكردهوه، پڕۆژەى ئاوى ئیفراز سێ، کە لەساڵى 2006ـهوه بەبێ وەستان تا ئەمڕۆ کاردەکات، دواى ئەم هەموو ساڵە کارکردنى، هۆکارى سەرەکى شکانى یەک لەدواى یەکى بۆڕییەکەى، بەسەرچوونى ماوەکەیەتى.
روونیشكردهوه، دواى داواکاریمان لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆ گۆڕینى بۆڕی ئاوى ئیفراز سێ، کە درێژییەکەى (11) کیلۆمهتر و بودجەى پێویست بۆى زیاتر لە (20) ملیار دینارە، بەسوپاسەوە لەلایەن مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رەزامەندیمان وەرگرتووە بۆ گۆڕینى بۆڕییەکە.
ئومێد خۆشناو ئاشكراشی كرد، لەم رۆژانەش سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆخۆى بەدواداچوونى بۆ ئەم پرسە کردووە و لەگەڵمان لەسەر هێڵ بووە و فەرمانى پێکردووین بەپەلە چارەسەرى ئەم گرفتە بکرێت و دەستبکرێت بە پڕۆسەى گۆڕینى بۆڕییەکە، لەهەفتەى رابردووش لە پارێزگاى هەولێر بۆ بەدواچوون و بەپەلە چارەسەرکردنى کێشەى شکانى بۆڕی ئاوى ئیفراز سێ لیژنەیەکى تایبەتمان پێکهێناوە.
راشیگهیاند، ئێستا وەک قۆناغى یەکەم ئەو شوێنەى کە لەماوەى چەند رۆژى رابردوودا بەهۆى پاڵەپەستۆى زۆرى وێستگەکان بووهتە هۆى شکانى بۆڕییەکە بۆ چەند جارێک لەسەر یەک، بەگوژمەى (5) ملیار دینار لەم نزیکانە دەستدەکرێت بە گۆڕینى بۆڕییەکە، کە چارەسەرى لە 85%ى کێشەکان لەو شوێنەدایە.
پارێزگارى هەولێر دڵنیایى دهداته هاووڵاتیانى شاری ههولێر و جهختی لهوه كردهوه، وەکو پارێزگاى هەولێر لەپێناو نەهێڵان و چارەسەرکردنى یەکجارەکى ئەم کێشەیە، هەموو هەوڵێکى خۆمان خستووهتەگەڕ و پاڵپشتى و پشتیوانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمان لەوبارەیەوە هەیە.
جهختی لهوهش كردوه، جارێکى دیكه تکا و داواکاریمان لە هاووڵاتیانى شارەکەمان هەیە، سەڕەراى ئەو گرفتە تەکنیکیانەى رۆژانە رووبەڕوومان دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وەک پێشتر رامانگەیاندبوو هاوینى ئەمساڵ لە دۆخێکى سەختى وشکەساڵى داین، بۆیە هاوکاربوونى ئێوە لە بەفیڕۆنەدان و کەم خەرجکردنى ئاو، هۆکارێکى سەرەکى دەبێت بۆ تێپەڕاندنى ئەو دۆخە سەختە و چارەسەرییەکان.