بۆری ئاوی ئیفراز سێ چاككرایەوە

ئاو بۆ گەڕەکەکانی هەولێر بەردراوەتەوە
بۆری ئاوی ئیفراز سێ
بۆری ئاوی ئیفراز سێ

K24 – هەولێر

دوای ئەوەی دوێنێ جارێکی دیکە بۆری ئاوی ئیفراز سێی هەولێر شکا، تیمەکانی چاککردنەوە بۆرییەکەیان چاککردەوە و ئاو بۆ گەڕەکەکانی هەولێر بەردرایەوە.

بەرەبەیانی ئەمرۆ شەممە 23/7/2022، تیمەكانی بەڕێوبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر بۆری ئاوی ئیفراز 3یان چاککردەوە و ئاویش بۆ گەڕەكەكانی ھەولێر بەردرایەوە.

ئومێد عەبدولحەمید، بەرپرسی بەشی پلان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوای شكانی بۆری ئاوی ئیفراز سێ، هەر دوێنێ تیمەكان دەستیان بە چاككردنەوەی بۆریەكە كرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ كاری چاككردنەوەی تەواو بوو دوای تێستكرنی بۆ زیاتر لە كاتژمێرێك ھیچ كێشەی نەبوو، لە کاتژمێر سێ بەرەبەیانییەوە بە تەواوەتی ئاو بۆ گەڕەكەكان  بەردراوەتەوە دوای پربوونی كۆگاكان  ئاو دەگاتەوە هەموو گەڕەکەکان".

پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر، لە ساڵى 2004وە لە زێى گەورە بۆ ناوشارى هەولێر لەلایەن ئەمەریکاوە دەستیپێکرد و دوای تەواوبوونی لە ساڵی 2006 ئاوی %40ی گەڕەکەکانی هەولێر بەو بۆریە دابین دەکرێت. جۆرى بۆریەکە (GRP)یە واتە فایبەرگلاس، بە گوتەی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر ئەوان ئەو جۆرە لە پڕۆژەکان بەرکارناهێنن، بەڵام ئەوکات چونکە ئەمەریکییەکان لەسەر ئەرکی خۆیان پڕۆژەکەیان جێبەجێ کردووە، هەر خۆشیان ئەو جۆرە بۆریەیان هەڵبژاردووە.

لەسەر رەزامەندی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 20 ملیار دینار بۆ گۆڕینی جۆری بۆریەکە تەرخانکراوە و بڕیارە لە ئایندەکی نزیکدا دەست بە گۆڕینی بکرێت.