عێراقییەکان دەیانەوێ تورکیا داوای لێبوردن بکات

دیمەنێکی ساتی تۆپبارانەکەی تورکیا بۆ سەر هاوینەهەواری گوندی پەرەخ
دیمەنێکی ساتی تۆپبارانەکەی تورکیا بۆ سەر هاوینەهەواری گوندی پەرەخ

24 – هەولێر

کەسایەتی سیاسی و بەرپرسانی عێراقی، دەیانەوێت حکومەتی تورکیا بە هۆی پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق، داوای لێبورن بکات و چیتر بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەو کارەساتە دووبارەنەبێتەوە.

بۆردومانکردنی ناوچەیەکی گەشتیاریی سنووری زاخۆ، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەرفراوانی لێکەوتەوە. لەو هێرشەدا کە 20ی مانگی تەمووز روویدا، نۆ گەشتیاری عێراقی گیانیان لەدەستدا و 25 گەشتیاری دیکەش برینداربوون.

بەرپرسانی عێراق، دووپاتی دەکەنەوە کە ئەو هێرشە لەلایەن سوپای تورکیاوە کراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەنقەرە ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵناگرن و دەڵێن ئامادەن هاوکاری رەوتی لێکۆڵینەوە بۆ دەرخستنی راستییەکان بکەن.

بڕیارە ئەمڕۆ (شەممە 23ی حوزەیران) ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق، بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و سەرۆکی ئەرکانی سوپا کۆببێتەوە.

حەیدەر محەمەد، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق گوتی، "بڕیارەکانمان بۆ وەڵامدانەوەی تورکیا، جیدی و یەکلاکەرەوە دەبن."

ئەو بە کوردستان24 دەڵێ: بڕیاری زۆر گرنگە دەدەین و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەین، چونکە تەنیا بە سەرکۆنەکردن و دەربڕینی ناڕەزایەتی، ئەو پرسە کۆتایی نایەت.

هێرشەکە، کاردانەوەی ناوخۆیی لە شارەکانی نەجەف، بەسرە، بەغدا و کەرکووکی لێکەوتەوە و خەڵک بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، لە بەردەم نووسینگەکانی پێدانی ڤیزەی تورکیا، خۆپێشاندانیان کرد.

مونز تەبیخ، سەرۆکی کۆمەڵەی هۆزەکانی بەغدا، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، "باڵیۆزی تورکیا دەربکرێ و سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابندرێت".

ئەو بە کوردستان24 دەڵێ: دەبێ تورکیا داوای لێبوردن بکات. خوێنی هاووڵاتی و خاکمان، پیرۆزیی خۆی هەیە و دەبێ پارێزگاری لێبکەین و لەلایەن هەموو وڵاتانەوە رێزی لێبگیرێت. نابێ عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان.

هاوکات کەریم تاهیر، سەرۆک هۆزی سودان، داوای وەڵامدانەوەی "توند" دەکات.

سەرۆک هۆزی سودان، بە کوردستان24 دەڵێ: بەداخەوە ئیمە هەموو کات چاومان لە سەرکردە کوردەکانە کە وەڵامی ئەو هێرشانە بدەنەوە، بەڵام لە راستیدا دەبێ حکومەتی عێراق ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت.