وەزیری دەرەوەی عێراق: بەپێی زانیارییەکان تورکیا تۆپبارانەکەی زاخۆی ئەنجامداوە
K24 – هەولێر
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: بەپێی زانیارییەکان تورکیا تۆپبارانەکەی سنووری زاخۆی ئەنجامداوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکانی تورکیا گوتی: "بەپێی زانیارییەکان تورکیا تۆپبارانەکەی گوندی پەرەخ-ی سنووری زاخۆی ئەنجامداوە.
فوئاد حوسێن، راشیگەیاند: "تا ئێستا دوو هەزار جار تورکیا سەروەری خاکی عێراقی بەزاندووە و عێراق 200 سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمار کردووە".
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختیکردەوە: "شارەزایانی سەربازی عێراق، بۆیان دەرکەوتووە کە هێرشەکەی سەر گوندی پەرەخ لەلایەن تورکیاوە بووە".
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و سەرۆک ئەرکانی سوپا، لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق لە کۆبوونەوەدایە.
بەهۆی تۆپبارانی تورکیا رۆژی 20/7/2022، لە هاوینەهەواری گوندی پەرەخ لە سنووری ناحیەی دەرکاری سەر بە زاخۆ، نۆ گەشتیاری عەرەب شەهید بوون و نزیکەی 30 کەسی دیکەش برینداربوون.