حکومەتی عێراق کاربەڕێکەری کاروباری باڵیۆزخانەکەی لە ئەنقەرە بانگهێشتکرد

K24 – هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، کاربەڕێکەری کاروباری باڵیۆزخانەی حکومەتەکەی لە ئەنقەرەی پایته‌ختی تورکیاوە بانگهێشتی بەغدا کردووەتەوە، بۆ ئەوەی لەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان قسەی لەگەڵدا بکەن.

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بڵاویکردووەتەوە، کە بریکارەکەیان بە مەبەستی ئاگادارکردنەوە و راوێژ لەبارەی هەر رێککەوتنێکی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ تورکیا، بۆ بەغدا بانگهێشت کردووەتەوە.

رۆژی 20ی تەمووز، هاوینەهەواری گوندی پەرەخ لە سنووری ناحیەی دەرکاری سەر بە زاخۆ تۆپباران کراو و لە ئەنجامدا 9 گەشتیاری عەرەب گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 25 گەشتیاری دیکەش برینداربوون.

هێرشەکە، کاردانەوەی ناوخۆیی لە شارەکانی نەجەف، بەسرە، بەغدا و کەرکووکی لێکەوتەوە و خەڵک بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، لە بەردەم نووسینگەکانی پێدانی ڤیزەی تورکیا، خۆپێشاندانیان کرد.

کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە 23ی تەمووز) ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق، بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و سەرۆکی ئەرکانی سوپا کۆبووەوە.

سەرباز سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە گوتی: فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاندووە، بە گوێرەی زانیارییە سه‌ربازییه‌كان، هێرشی سەر هاوینەهەواری گوندی پەره‌خ له‌ سنووری زاخۆ، لەلایەن سوپای تورکیاوە بووە.

حکومەتی تورکیا تا ئێستا رەتیکردووەتەوە، هێرشەکە لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە کرابێت، بەڵام ماوەیەکی زۆرە تورکیا بە بیانووی شەڕی دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات.