مەسرور بارزانی لە بەغدا: دەبێت وەک قەوارەیەکی دەستووریی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت

"دادگای ئیتیحادی بەپێی دەستوور دروستنەکراوە، بۆیە هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیارەکانی نابێت"
دیداری مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی
دیداری مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی

K24 - هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا بە بەرپرسانی عێراق راگەیاندووە، هیچ دادگایەیەکی دەستووری نییە و ئەو بەناو دادگای ئیتیحادیش بەپێ دەستوور دروستنەکراوە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیارەکانی نابێت.

ئەمڕۆ 23ی تەمموزی 2022، مەسرور بارزانی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هەر یەک لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران، فائق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کۆبووەوە.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان، سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند، مەسرور بارزانی لە دیدارەکانیدا لە بەغدا بە راشکاوانە بە بەرپرسانی عێراقی راگەیاندووە "پێویستە و دەبێت حکومەتی عێراق وەکو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، نەک بیر لەوە بکاتەوە بە شێوەیەکی مەرکەزی هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکات. چونکە کوردستان خاوەن ناسنامەی تایبەتی خۆیەتی و مافی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی هەیە و هەزاران خەڵکی کوردستان لەم پێناوەدا شەهیدبوون".

هەروەها پێی راگەیاندوون، لە هەرێمی کوردستان ئێمە هەر وەک چۆن ئەرکمان هەیە، بەهەمان شێوەش مافی دەستووریمان هەیە، بەڵام بەداخەوە مافەکانمان پێشێلکراون.

سەرچاوەکە ئاماژەیدا بەوەی، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکاندا بە بەرپرسانی عێراقی راگەیاندووە "هیچ دادگایەیەکی دەستووری نییە و ئەو بەناو دادگا ئیتحادییەش بەپێ دەستوور دروستنەکراوە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندنابێت بە بڕیارەکانی دادگاکە".

هەروەها رەخنەی لە حکومەت و لایەنە بەرپرس و پەیوەندیدارەکانی دیکەی عێراق گرتووە، کە ناکرێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تەنیا لە بابەتی نەوت و گاز و شایستە داراییەکان کورت بکرێنەوە، بەڵکو هەرێمی کوردستان چەندین مافی دەستووریی هەیە، کە بەداخەوە پێشێلکراون، لەنێویشیاندا ئاماژەی بە قەرەبووکردنەوەی جینۆسایدکردووە و پێی راگەیاندوون، تەنیا وەک نموونە، تائێستا قەرەبووی ئەنفال، کیمیاباران و خاپوورکردنی کوردستان نەکراوەتەوە، کە لە دەستووردا هاتووە.

لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکاندا، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتویەتی "ئێمە بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان بین و دۆسیەی نەوت رادەستی بەغدا ناکەین، چونکە مافێکی دەستووری خۆمانە. نە من و نەهیچ کەسێکیش لە کوردستان ئەو مافەی نییە دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بێت".

جەختیشیکردووەتەوە لەوەی، هەمیشە ئامادەن بۆ چارەسەر، چارەسەری دۆسیەی نەوت و گازیش ئەوەیە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت و ماف و ئەرکەکانی هەر لایەک دیاریبکات و لە بەرژەوەندی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بێت.