پێشبینی دەکرێت رێژەی قەرزی عێراق دابەزێت

"ئەو دابەزینەی ئاستی قەرز گەوره‌ترینە بەراورد بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا"
دۆلار
دۆلار

K24 - هه‌ولێر:

ئاژانسی فیتچ بۆ پلەبەندی ئابووری راپۆرتێکی لەبارەی ئابووری عێراق بڵاوکردەوە و پێشبینی دەکات، رێژەی قەرزی وڵاتەکە ئەمساڵ 47% دابەزێت، ئاماژەی بەوەشدا پێشبینی ناکەن ئەو داکەوتنە بەهۆی نادڵنیاییە سیاسییەکان بەردەوام بێت.

ئەو ئاژانسە لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاویکردووەتەوە، رێژەی قەرزی حکومی بۆ کۆی بەرهەمی ناوخۆ لە عێراق سەدا 47 دابەزینی تۆمارکردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی رابردوو سەدا 66ـی تۆمارکردبوو، هۆکارەکەشی بۆ زیادبوونی داهاتی نەوتی دەگەڕێنێتەوە، کە نرخەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

لە راپۆرتەکەی ئاژانسی فیتچدا هاتووە، پێشبینی دەکەن نرخی بەرمیل نەوت ئەمساڵدا بۆ دەوروبەری 105 دۆلار دابەزێت و ساڵی داهاتووش نرخەکەی لە نزیک 85 دۆلار مامەڵەی پێوەبکرێت.

ئاژانسەکە روونیکردووەتەوە، ئەو دابەزینەی ئاستی قەرز گەوره‌ترینە بەراورد بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا.

ئاژانسەکە پێیوایە، ئەو داکەوتنە بۆ پلەبەندی ئابووری عێراق ئەرێنییە، بەڵام بەهۆی نا دڵنیاییە سیاسییەکان پێشبینی ناکات ئەو دابەزینە بەردەوام بێت، بۆیە پلەبەندی ئابووری عێراقی بە B- دیاریکرد.