عێراق 200 سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمار کردووە

توانای سەربازیمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تورکیا نییە و تەنها رێگەچارە، رێکاری دیپلۆماسییە

K24 – هەولێر

سوپای تورکیا تا ئێستا سێ هەزار جار سەروەریی خاکی عێراقی بەزاندووە و هەر بۆیەش حکومەتی بەغدا لە ئەنجوومونی ئاسایشی نێودەوڵەتی، 200 سکاڵای لەسەر حکومەتی ئەنقەرە تۆمار کردووە.

نەهرۆ رواندزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو زانیارییانەی بە کوردستان24 راگەیاند. ئەو، راستی و دروستیی زانیارییەکانی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەران، پشتڕاست کردەوە.

حکومەتی عێراق جارێکی دیکە لەسەر هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر هاوینەهەوارێکی گوندی پەرەخی سنووری زاخۆ، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمار کرد. لەو هێرشەدا کە بە چوار تۆپی 115 میلیم ئەنجامدرابوو، نۆ گەشتیاری ناوەڕاست و خوارووی عێراق گیانیان لەدەستدا و 32ی دیکەش برینداربوون.

بڕیارە رۆژی سێشەممە (26ی تەمووز) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ یەکەمجار لەسەر سکاڵایەکی لەو شێوەیەی حکومەتی بەغدا، کۆ ببێتەوە.

ئەو هێرشەی تورکیا، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی فراوانی لێکەوتەوە و هەر بۆیەش رۆژی شەممەی رابردوو (23ی تەمووز)، کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری، بەڕێوەچوو.

جومعە عیناد، وەزیری بەرگری عێراق لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەدابوو لە سوپای تورکیا نزیکەی 100 بنکە و خاڵی لە ناو خاکی عێراقدا هەیە.

وەزیری بەرگری بە ڕاشکاوانە گوتبووی کە "توانای سەربازیمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تورکیا نییە و تەنها رێگەچارە، رێکاری دیپلۆماسییە."

هەروەها داواشکرابوو چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا بە یەکەوە لە خاکی عێراق بکشێنەوە هەموو رێککەوتننامە ئەمنییەکانیش لەگەڵ تورکیا هەڵبوەشێتەوە.