بریکاری وەزارەتی بازرگانی: دوو هێندەی ساڵی رابردوو گەنم لە سایلۆکان وەرگیراوە

"هەوڵدەدەین وادەی وەرگرتنی گەنم درێژبکەینەوە"
کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی بریکاری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان
کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی بریکاری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وادەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کۆتایی هاتووە و هەوڵدەدەن ماوەکە درێژ بکەنەوە، ئەمساڵیش دوو هێندەی ساڵی رابردوو گەنمیان وەرگرتووە.

سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ی تەممووزی 2022، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی: "ئەو وادەیەی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دیاریکرابوو، ئەمڕۆ کۆتایی هات، بەڵام لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ماوەی وەرگرتنی گەنم درێژ بکەینەوە و گەنمی ئەو جووتیارانە وەربگرین، کە نەهێندراونەتە سایکۆکان، یان لە بارهەڵگردان و لەبەردەم سایلۆکان دانراون".

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ 260 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو، 125 هەزار تۆن گه‌نم وەرگیرابوو، واتە رێژەی وەرگرتنی گەنم لە ئەمساڵدا دوو هێندەی ساڵی رابردوو زیاتر بووە.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، ساڵانی رابردوو، گەنم بە سێ پلەی جیاواز وەرده‌گیرا، بەڵام ئەمساڵ سەرجەم گەنمی جووتیاران بە یەک پلە وەرگیراون و نرخی هەر تۆنێک گەنم، بە 850 هەزار دینار دیاریکراوه‌.

هۆکاری بەرزکردنەوەی نرخ و وەرگرتنی گەنم بە شێوەیەکی کراوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەمساڵ لە زۆرینەی ناوچەکانی عێراقدا وشکەساڵی بوو، بەو هۆیەوە بەشێکی زۆری گەنمی جووتیاران، بەرهەمی باشیان نەبوو.

بەهۆی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیاوە، ئەمساڵ نرخی گەنم لەسەر ئاستی جیهان بەرزبووەوە، چونکە ئەو دوو وڵاتە ساڵانە دەیان هەزار تۆن گەنم بۆ وڵاتانی جیهان دابیندەکەن، ئەوەش مەترسی کەمبوونەوەی رێژەی گەنمی لە جیهاندا دروستکردووە، بەڵام رۆژی 22ی ئەم مانگە، بەرپرسانی رووسیا و ئۆکرانیا، لە ئیسته‌نبۆڵی پایتەختی تورکیا بە ئامادەبوونی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، رێککەوتنێکیان واژووکرد، بۆئەوەی 20 هەزار تۆن گەنمی ئۆکرانیا لە رێگەی بەندەرەکانەوە رەوانەی جیهان بکرێت.