ئوسامە جەمیل: لایەنەکانی عێراق لە وروژاندنی شەقام و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دەترسن

"عێراق ناتوانێت لەژێر هەژموونی وڵاتانی دراوسێ بێتە دەرەوە"
ئوسامە جەمیل
ئوسامە جەمیل

K24 – هەولێر

ئوسامە جەمیل، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت: عێراق تووشی گرفتی سیاسی گەورە بووە و لایەنە سیاسییەکان لە وروژاندنی شەقام و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دەترسن.

ئوسامە جەمیل، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە ساڵی 2013ـەوە تائێستا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق وەک پێویست نەبووە، ئەو پەیوەندییانەی هەیە نەبووەتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکان، هەردوولا پێداگرن کە پابەندن بە دەستوور و دەڵێن: دەستوور تاکە سەرچاوەی چارەسەری کێشەکانە، لە هەمانکاتدا هەردوولا پێداگرن لەسەر راوبۆچوونی خۆیان، زۆرجار حکومەتی عێراق لە رێگەی دادگای فیدراڵی و وەزارەتی نەوت هەڕەشە دەکات، پێویستە هەولێر و بەغدا بیر لە چارەسەری بنەڕەتی بکەنەوە، بەتایبەتی کە ئێستا عێراق تووشی گرفتی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی بووە، لە رووسی سیاسییەوە عێراق لە لێواری داڕمانە، لایەنە سیاسییەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت ناگەنە رێککەوتن، هەروەها کێشە لەنێو ماڵی شیعە هەیە، وڵاتانی دراوسێ بە خەستی دێنە ناو عێراق و کاریگەری زۆریان هەیە، ئەمەریکا کە خۆی یاریکەری سەرەکییە تائێستا بەدوای چارسەری بنەڕەتی نەگەڕاوە. ئومێد دەکەم سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ببێتە مایەی کردنەوەی دەروازەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

گوتیشی: "راستە ئەگەر حکومەتیش پێکنەهێنرێت عێراق وەک دەوڵەت دەمێنێتەوە، بەڵام لە رووی سیاسییەوە تووشی کێشە دەبێت، لایەنەکان ترسیان لە وروژاندنی شەقام هەیە و ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، بەتایبەتی ئێستا باسی شەڕی ناوخۆی لایەنە شیعەکان دەکرێت، وەک دەبینرێت ململانێ سەرەکییەکە لەنێوان موقتەدا سەدر و نووری مالیکییە، هەردووکیشیان بەهێزن مالیکی وای لە سەدر کرد نەتوانێ کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنێت و لە پەرلەمان بکشێتەوە و دوورکەوێتەوە، بە بڕوای من ئەو تۆمارە دەنگیانەی بڵاوکراونەتەوە هیچ کاریگەری لە مالیکی ناکات، حاڵەتی وا زۆر روویداوە، زۆرجار لەناوی هەرێمی کوردستان دەنگ و وێنەی نەشیاوی هەندێک کەسایەتی سیاسی بڵاوبووەتەوە و دواتریش لە پلە و پۆست ماونەتەوە، کێشەی نێوان سەدر و مالیکی ئەوەیە ناتوانن بەیەکەوە دابنیشن، ئەگەر پێکەوە دابنیشن دەتوانن بگەنە ئەنجام، بەڵام لێدوانی توند و قسە بە یەکتر ترسی هەیە بۆ گرژی زیاتر، بەتایبەتی ترسی جوڵاندنی شەقام هەیە لەلایەن موقتەدا سەدر، ئەگەر مالیکی بیەوێت بەبێ سەدر کابینەی حکومەت پێکبێنێت سەدر بە ئاسانی دانانیشێت، ئەگەر خۆی رەزامەند نەبێت لەسەر ئەو حکومەتە".

سەبارەت بە هەژموونی وڵاتان بەسەر سەرکردەکان و حکومەتی عێراق، ئوسامە جەمیل گوتی: "عێراق ناتوانێت لەژێر هەژموونی وڵاتانی دراوسێ بێتە دەرەوە، چونکە ئێران بە خەستی هاتووەتە ناو قوڵایی عێراق، تورکیا و ئەمەریکاش بەهەمانشێوە، هەروەها وڵاتانی کەنداو وەک سعوودیە و قەتەر دەستیان لەناو عێراقە بەتایبەتی لەکاتی هەڵبژاردنەکان، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆماری عێراق دانانرێن ئەگەر ئێران رازی نەبێت، هەر سیاسییەک بیەوێت لە عێراق کاری بە باشی بڕوات دەبێ سەردانی ئێران و تورکیا بکات و ئەمەریکییەکان رازی بکات، کەمتەرخەمی لە ئەمەریکایە، دوای روخاندنی رژێمی بەعس ئەمەریکا دەرگای واڵاکرد وڵاتانی دیکە بێنە ناو عێراق، ئەمە وایکردووە زۆرجار ئەو وڵاتانە بە رێککەوتن لە عێراق شتەکان بکەن، زاڵمای خەلیل زاد لە یاشتەکانی دەڵێت: ئێمە هیچ بڕیارێکمان لە عێراق نەداوە پرس و رامان بە ئێران نەکردبێت، ئاشکرایە کە شێعەکان سەر بە ئێرانن، سوننەکانیش لەگەڵ ئێران رێککەوتوون، چونکە دەزانن بەبێ ئێران هیچیان پێناکرێت، کورد بەهەمانشێوە دەیەوێت دڵی ئێران و تورکیا رازی بکات، عێراق دەبێ ئێستا ئیش لەسەر ئەوە بکات وڵاتانی دەوروبەر هەژموونی خۆیان لە عێراق بکشێنەوە و عێراق ببێتەوە بە وڵاتێکی تۆکمە و بەهێز".

لەبارەی پێگەی کورد لە بەغدا، رایگەیاند: "ئەگەر شیعەکان لەنێوخۆیاندا رێکبکەون بۆ پێکهێنانی حکومەت و دانانی سەرۆک کۆمار پرس بە کورد و سوننە ناکەن، خۆیان زۆرینەن و کۆبوونەوەی پەرلەمان رێکدەخەن، بە کورد دەڵێن کاندیدەکانتان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بێننە پەرلەمان بە دەنگدان و رێککەوتنی پێشوەختە یەکلای دەکەنەوە، ئەگەر ئەمەریکا لە عێراق نەمێنێت، شیعەکان کودەتا دژی سوننە و کورد دەکەن و سیستمی سیاسی ئێران دەگوازنەوە عێراق. بۆ کورد باشترین شت کە بیکات ئەوەیە یەکڕیز و یەکگرتوو بێت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوننە و شیعە و وڵاتانی دراوسێ باش بێت".