نوێترین زانیاری لەبارەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان

"له‌ سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی بەشێک لەو شوقانە دەکرێت"
ژماریه‌ك یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون.. ئه‌رشیڤ
ژماریه‌ك یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون.. ئه‌رشیڤ

K24 – هەولێر

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵەوە، دەست بە دروستکردنی بەشیک لەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونه‌ دەکرێت، كه‌ تایبەت بە کرێنشینانه‌.

محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا کاروباری تایبەت بە تەرخانکردنی زەوی و پێشکەشکردنی ئۆفەری وەبەرهێنەران بۆ دروستکردنی 20 هەزار شوقەی کرێنشینان تەواو بووە.

بۆ کوردستان24 گوتیشی: قۆناغی یەکەمی جیاکردنەوەی ناوەکان لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێ دەکرێت و له‌ سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی بەشێک لەو شوقانە دەکرێت.

بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دروست دەکرێت و بە گوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی 120 هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە تۆمار کردووە.