سعودیه‌.. تۆمه‌تبارانی رووداوه‌كه‌ی مه‌ككه‌ دووباره‌ دادگایی ده‌كرێنه‌وه‌

پێشتر دادگا بێتاوانی 13 كه‌سی په‌سه‌ند كردبوو.. له‌ رووداوه‌كه‌ 110 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 209 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون
له‌ رووداوه‌كه‌دا 13 كه‌س تۆمه‌تباركران و دوای هه‌شت مانگ دادگا بێتاوانی ئه‌وانی راگه‌یاند
له‌ رووداوه‌كه‌دا 13 كه‌س تۆمه‌تباركران و دوای هه‌شت مانگ دادگا بێتاوانی ئه‌وانی راگه‌یاند

K24 - هه‌ولێر:

دوای حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر رووداوی كه‌وتنی هه‌ڵگری ستوونی ناو حه‌ره‌می ماڵی خوا له‌ مه‌ككه‌، جارێكی دیكه‌ دادگای باڵای سعودیه‌ بڕیاری دا دۆسیه‌ی تۆمه‌تبارانی رووداوه‌كه‌ پێداوچوونه‌وه‌ی بۆ بكات، كه‌ تێیدا 13 تۆمه‌تبار له‌ دۆسیه‌كه‌ بێتاوان دۆسیه‌كه‌یان داخرابوو.

له‌ 11ی ئه‌یلوولی 2015، هه‌ڵگرێكی ستوونی له‌ گۆڕه‌پانی ماڵی خوا "كه‌عبه‌" به‌هۆی شه‌پۆڵێكی باران و باوه‌ كه‌وته‌خواره‌وه‌ و تێكشكا، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا 110 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 209 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

"گرووپی كۆمپانیاكانی بن لادن" كۆمپانیای جێبه‌جێكار بووه‌ و كاری فراوانكردنی له‌ئه‌ستۆ گرتبوو، تا ژماره‌یه‌كی زۆرتر له‌ حاجیانی ماڵی خوا جێگه‌یان ببێته‌وه‌، ئه‌وكات له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی سعودیه‌وه‌ سزادرا، بڕیار درا له‌ هه‌موو كه‌مكردنه‌وه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان بێبه‌شبكرێن.

غ45645656

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی فرانس پرێس، له‌ ساڵی 2016 "گرووپی كۆمپانیاكانی بن لادن" له‌ رێگه‌ی "محه‌مه‌د بن سه‌لمان" جێنشێنی سعودیه‌وه‌ سزاكه‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵگیرا.

له‌ دادگاییكردنی تۆمه‌تبارانی دۆسیه‌ی رووداوی كه‌وتنی هه‌ڵگره‌كه‌ ناو حه‌ره‌می پیرۆزدا 13 كه‌س به‌ كه‌مته‌رخه‌م ده‌ستنیشان كران، كه‌ "گرووپی كۆمپانیاكانی بن لادن" له‌ دۆسیه‌ی كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه‌دا بووه‌، دادگاییكردنه‌كه‌ش هه‌شت مانگی خایاند و‌ 13 ته‌مه‌تباره‌كه‌ و كۆمپانیای جێبه‌جێكاریش بێتاوان له‌ دۆسیه‌كه‌ ده‌ربازیان بوو.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ میدیاییه‌كانی سعودیه‌، له‌ ساڵی 2021 دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی سعودیه‌ بڕیاری بێتاوانبوونی سه‌رجه‌م تۆمه‌تباره‌كانی په‌سه‌ند كرد، به‌ڵام دواتر دادگاكه‌ بڕیاره‌كه‌ی گۆڕی و رایگه‌یاند، دۆسیه‌ی بێتاوانبوونی تۆمه‌تباره‌كان كه‌موكوڕی تێدایه‌ و ده‌بێت جارێكی دیكه‌ دادگایی بكرێنه‌وه‌.

4343

رۆژنامه‌ی "عوكاز"ی سعودی بڵاویكرده‌وه‌، داواكاری گشتی داوایه‌كی به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ تێیدا ئه‌و 13 تۆمه‌تباره‌ی پێشتر به‌ كه‌مته‌رخه‌م ناویان له‌ دۆسیه‌كه‌دا هاتبوو، جارێكی دیكه‌ی دادگایی بكرێنه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان هۆكاری رووداوه‌كه‌ بوون و به‌ گوێره‌ی سیستمی سه‌لامه‌تی بۆ كاركردن، پابه‌ندی رێنماییه‌كانی سه‌لامه‌تی نه‌بوون.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، له‌ دوایین دانیشتنی دادگادا له‌ كۆی 13 تۆمتبار، 10 كه‌سیان ئاماده‌بوونه‌ و 3 تۆمه‌تباره‌كه‌ی دیكه‌ش به‌بێ ئه‌وه‌ی پارێزه‌ره‌كانیشیان ئاماده‌ بێت، بوونیان له‌ دانیشتنه‌كه‌ نه‌بووه‌، باس له‌وه‌ش كراوه‌، ئه‌و 3 كه‌سه‌ سعودیه‌یان به‌جێهێشتووه‌، دۆسیه‌كه‌ش یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه‌.