شای ئوردن داوای لە ئێران کرد هەڵسوکەوتی خۆی بگۆرێت

شا عەبدوڵای دووەم، شای ئوردن
شا عەبدوڵای دووەم، شای ئوردن

K24 – هەولێر

شای ئوردن، رەخنەی لە "هێرشی رێکخراوی، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر سنووری ئوردن" گرت و داوای لە ئێران کرد هەڵسوکەوتی خۆی بگۆرێت.

شا عەبدوڵای دووەم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ژمارەی رۆژی یەکشەممەی (24ی تەمووز) رۆژنامەی "الرأی"، لەگەڵ ئاماژەدان بە دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی عەرەبی، گوتی: رۆژانە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، هێرش دەکرێتە سەر سنوورەکانمان، هیوادارین ئەمە بۆ شێوەیە نەمێنێت و بگۆڕدرێت.

شای ئوردن هاوکات دووپاتی لەوە کردەوە کە خوازیاری پەیوەندیی باشە لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای "رێزی بەرامبەر، دراوسێیەتی، رێز لە سەروەری وڵات و دەستێوەرنەدان لە کاروباری یەکترە". ئەو، گوتیشی: گۆڕانی هەڵسوکەوتی ئێران لە بەرژەوەندی ناوچەکە و خودی ئێران و خەڵکەکەی دایە".

شا عەبدوڵای دووەم، پێشتریش بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە بەرپرسی ئەو هێرشانە ناساندووە کە دەکرێتە سەر سنوورە هاوبەشەکانی ئوردن و سووریا.

شا عەبدوڵا، لە مانگی ئاداری رابردوو لە زانکۆی ستەنفۆردی ئەمەریکا، رایگەیاندبوو: بوونی سەربازیی رووسیا لە باشووری سوریا، ببووە هۆی ئارامی ناوچەکە و لە نەبوونی ئەو هێزەشدا رەنگە ناوچەکە لەلایەن ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە، کۆنترۆڵ بکرێت".

ئەو، دووپاتی کردبووەوە کە کێشەی ئاسایشی لە سنوورە هاوبەشەکانی لەگەل سووریادا هەیە و بە "شێوەی رێکخراو" هێرشیان دەکرێتەسەر و دەزانێت کێ لە پشت ئەو هێرشانەیە.

شای ئوردن، لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ رۆژنامەی "الرأی"، جارێکی دیکە پشتگیری لە دروستبوونی هاوپەیمانێتییەکی وەک ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و لە وەڵامی ئەو پرسیارەیەدا کە ئوردن چی لەو هاوپەیمانێتییە دەوێت، گوتی: تیرۆر، قاچاغی مادە هۆشبەرەکان و چەک، هەڕەشەن بۆ سەر تەواوی وڵاتانی عەرەبی و رووبەڕووبوونەوەیان پێویستی بە هاوکاری نێوان وڵاتانی عەرەبی هەیە".