زیاتر لە 600 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست رزگارکران

"لەناو بەلەمێکدا تەرمی پێنج کۆچبەر دۆزرایەوە"
رزگارکردنی کۆچبەران لە ئیتاڵیا
رزگارکردنی کۆچبەران لە ئیتاڵیا

K24 - هەولێر:

لە 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا و سەدان کۆچبەری دیکەش لە بەندەرێکی پێشوازی چاوەڕێی هاوکاریی کەشتییە مرۆییەکان دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی تەمووز، "کەشتییەکی بازرگانی و پاسەوانی کەناراوەکان زیاتر لە 600 کۆچبەریان رزگارکرد کە دەیانویست بە بەلەمێکی ماسیگرتن لە دەریای ناوەڕاست لە باشووری ئیتاڵیا بپەڕنەوە." بە گوتەی رێکخراوە ناحکومییەکان و دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا.

ئاماژە بەوەشدرا، ئەو کۆچەبەرانە بۆ چەند بەندەرێک لە سیسیلیا گوازرانەوە.

هەروەها دەسەڵاتداران لەناو بەلەمەکەدا تەرمی پێنج کۆچبەریان دۆزیوەتەوە کە تا ئێستا هۆکاری گیانلەدەستدانیان دەستنیشان نەکراوە.

لەلایەکی دیکەوە شەوی رابردوو نزیکەی 522 کۆچبەر لە ئەفغانستان، پاکستان، سودان، ئەسیوپیا و سۆماڵەوە بە پانزە بەلەمی جیاواز کە لە تونس و لیبیاوە بەڕێکەوتبوون گەیشتنە دوورگەی لامپێدوسا لە باشووری ئیتاڵیا.

رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، ناوەندی دەریای ناوەڕاست بە مەترسیدارترین رێگای کۆچ لە جیهاندا دادەنێت.

نەتەوه یەكگرتووەكانیش له سەرەتای ئەمساڵەوه ژمارەى كوژراو و بێسەروشوێنبووانی دەریای ناوەڕاستی به 990 كەس خەمڵاندووه.