عێراق زیاتر لە سعوودیە نەوت هەناردەی ئەمەریکا دەکات

عێراق دەبێتە سێیەم وڵاتی هەناردەکاری نەوتی ئەمەریکا
کێڵگەی نەوت و غازی زوبەیر، لە باکووری پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق، 13ی تەمووزی 2022. وێنە: AFP
کێڵگەی نەوت و غازی زوبەیر، لە باکووری پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق، 13ی تەمووزی 2022. وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

فەرمانگەی وزەی ئەمەریکا لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاویکردووەتەوە، لە هەناردەکردنی نەوت بۆ وڵاتەکەیان، عێراق پێش سعوودیە کەوتووە و لە هەفتەی رابردوودا بووەتە سێیەم وڵاتی هەناردەکاری نەوتی ئەمەریکا.  

ئەو فەرمانگەیە لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژەی بەوەداوە، نێوەندی هاوردەی نەوتی وڵاتەکە لە هەفتەی رابردوو 5.722 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە و لە هەشت وڵات هاوردەی کردووە، بەراورد بە هەفتەی پێشووتریش بە بڕی 439 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیادیکردووە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە هەفتەی رابردوودا ئەمەریکا رۆژانە 456 هەزار بەرمیل نەوتی لە عێراق هاوردەکردووە، بەمەش پێش سعوودیە کەوتووە، کە تەنیا 242 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لێ هاوردەکردووە. عێراق دەبێتە سێیەم سەرچاوەی نەوتی ئەمەریکا دوای کەنەدا و مەکسیک.