بارەگای بارزانی: پشتیوانی خوشک و برا کاکەییەکانمانین

"ئەمە سووکایەتی و بێڕێزییە بە ئازادی و بیروباوەڕ و پێکەوەژیان"
بارەگای بارزانی
بارەگای بارزانی

K24 - هه‌ولێر:

بارەگای بارزانی رایگەیاند پشتیوانی کاکەییەکان دەکەن و ئەوەی بەرامبەر بە پێشمەرگەیەک کراوە "ئەمە سووکایەتی و بێڕێزییە بە ئازادی و بیروباوەڕ و پێکەوەژیان".

لە راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانیدا هاتووە "زۆر بە توندی سەرکۆنەی ئەو کارە ناڕەوا و نامەردانەیە دەکەین، کە دەرهەق پێشمەرگەیەکی کوردی کاکەیی لەلایەن چەند کەسێکی سەر بە حەشدی شەعبی ئەنجام دراوە".

ئاماژە بەوەشکراوە کە "ئەمە سووکایەتی و بێڕێزییە بە ئازادی و بیروباوەڕ و پێکەوەژیان و جەختیش دەکەینەوە بە هەموو توانایەکمان پشتگیری خوشک و برا کاکەییەکانمانین".

دوێنێ (شەممە 23ی تەممووزی 2022) پێشمەرگەیەکی کاکەیی لە لیوای نۆی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کوردستان24 ەوە رایگەیاند، لەلایەن ژمارەیەك چەکداری حەشدی شەعبییەوە لە ناوچەی ئامرلی لە سنووری قەزای خورماتوو، ئەشکەنجەدراوە و سەر و سمێڵی تاشراوە، ئەو رووداوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە کاکەییەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

 سمێڵ سمبولێکی تایبەتی کاکەییەکانە و رووداوی تاشینی سمێڵی ئەو پێشمەرگەیە، ناڕەزایەتی کاکەییەکانی لێکەوتووەتەوە و داوای سزادانی ئەو کەسانە دەکەن کە دەستیان هەبووە لە ئەشکەنجەدانی پێشمەرگەکەدا.