وەزارەتی ئەوقاف: دەستبردن بۆ رەمزی ھەر پێکھاتەیەک تاوانە

"ئەمە پێشھاتێکی ترسناکە"
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی

K24 - هەولێر:

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، دەستبردن بۆ سومبول و رەمزی ھەر پێکھاتەیەک دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

سەبارەت بە رووداوەکەی دوێنێی شاری کەرکووک کە تێیدا، بێ ڕێزی بەرامبەر بە کەسێکی پێکھاتەی کاکەیی کراوە، کە لە ھەمانکاتدا پیشەی پێشمەرگەیە لە ھێزەکانی کوردستان، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت "بەتوندی ئیدانەی ئەم بێ رێزییە دەکەین".

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە راگەیەندراوەکەیاندا ئەوەیان خستووەتەڕوو، کە "پێمانوایە ئەمە پێشھاتێکی ترسناکە کە لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان سەریھەڵداوە و تەواو پێچەوانەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی ئاینی و پێکھاتەکانە لە ھەرێمی کوردستان".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، دەستبردن بۆ سومبول و رەمزی ھەر پێکھاتەیەک دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە حکومەتی عێراق بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەم دەستدرێژیەدا بکات.

وەزارەتی ئەوقاف جەختی لەوەش کردەوە، حکومەتی عێراق پێویستە بکەرانی ئەو تاوانە بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنێت، تاوەکو ببنە پەند بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت سوکایەتی بە رەمز و ھێما و پیرۆزەکانی ھەر پێکھاتەیەك بکەن.