سێ کەس بە تۆمەتی دزینی بۆری ئاوی سەرەکی تاسلوجە – سلێمانی دەستگیرکران

"بۆرییەکان نرخییان 80 هەزار دۆلار بووە و براونەتە هەولێر"
ئەو سێ تۆمەتبارەی لەسەر دزینی بۆری ئاو دەستگیرکراون (پۆلیسی سلێمانی)
ئەو سێ تۆمەتبارەی لەسەر دزینی بۆری ئاو دەستگیرکراون (پۆلیسی سلێمانی)

K24 - سلێمانی:

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، سێ کەس بە تۆمەتی دزینی بۆری ئاوی سەرەکی تاسلوجە – سلێمانی دەستگیرکران، کە بۆرییەکان نرخیان 80 هەزار دۆلار بووە و براونەتە هەولێر.

لە راگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، "مه‌فره‌زه‌كانی‌ نوسینگه‌ی‌ راپه‌ڕینی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان سێ تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركرد، كه‌ بۆری‌ راكێشانی‌ ئاوی‌ سه‌ره‌كی‌ تاسڵوجه‌ - سلێمانیان دزی بوو".

دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە، لەسەر سکاڵایەك بووە، کە لە ‌نووسینگه‌ی‌ راپه‌ڕینی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان تۆمارکراوە و تێیدا باس لەوە کراوە، کە ژماره‌یه‌كی‌ زۆر بۆری‌ راكێشانی‌ ئاوی‌ سه‌ره‌كی‌ تاسڵوجه‌ - سلێمانی دزراوه‌.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "لە لێکۆڵینەوەکاندا بۆمان دەرکەوتووە، کە تۆمه‌تباره‌كان بۆرییه‌كانیان بردووەته‌ شاری‌ هه‌ولێر كه‌ نرخه‌كه‌ی‌ 80 هه‌زار دۆلاره‌ (هه‌شت ده‌فته‌ر) بووە، بۆیە بە بڕیاری دادوەر لەماوەیەکی کەمدا توانیمان مه‌فره‌زه‌كانی‌ نوسینگه‌ی‌ راپه‌ڕینی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانه‌وه‌ ده‌ستگیربكرێن‌، هه‌روه‌ها به‌ هاوكاری‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر توانرا ده‌ستبگیرێت به‌سه‌ر بۆرییه‌كاندا و بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ شاری‌ سلێمانی‌".

تۆمەتبارەکان بریتین لە (ن، م، م) له‌دایكبووی‌ 1994، (ز، م، م) له‌دایكبووی‌ 1995، (پ، ع، ر) له‌دایكبووی‌ 1991.

دیمەنی ئەو بۆریانەی دزرابوون (پۆلیسی سلێمانی)
دیمەنی ئەو بۆریانەی دزرابوون (پۆلیسی سلێمانی)