سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق: پێویستە سوپا و پێشمەرگە بچنە ناوچە سنوورییەکانمان لەگەڵ تورکیا

"پێنج بنکە و زیاتر لە چوار هەزار سەربازی تورکیا لە عێراقدان"
فەریقی یەکەم، عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق
فەریقی یەکەم، عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق

K24 - هەولێر:

سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق رایگەیاند، پێویستە سوپا و پێشمەرگە بچنە ناوچە سنوورییەکانی وڵات لەگەڵ تورکیا، بۆئەوەی بۆشاییەکانی سەر سنوورەکان پڕبکەنەوە.

ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، فەریقی یەکەم، عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق، لە کاتی میواندانیکردنی لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاندووە، هۆکاری زیادبوونی هێرشەکانی تورکیا بۆ ناوچە سنوورییەکان دەگەڕێتەوە بۆ جێگیرنەبوونی هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچانەدا و بەپێویستیزانیوە هێزی فیدراڵی بنێردرێتە سەر سنوورەکان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، تورکیا هێزەکانی هێناوەتە چەند ناوچەیەکی سنووری قەزاکانی زاخۆ و ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک، کە هێزەکانی وەزارەتی بەرگری عێراقی تێدا نییە.

بە گوێرەی گوتەکانی عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا، پێنج بنکەی سەرەکی تورکیا لە خاکی عێراقدان، کە زیاتر لە چوار هەزار چەکداریان تێدایە.

رۆژی 20ـی ئەم مانگە، لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی گوندی پەرەخی گەشتیاری لە سنووری قەزای زاخۆ، نۆ کەس کوژران و نزیکەی 30 کەسی دیکە برینداربوون، کە گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون، رووداوەکەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.