ئەفغانستان.. لە ماوەی دوو رۆژدا 33 کەس بەهۆی لافاوەوە بوونه‌ته‌ قوربانی

"زیاتر لە 2 هەزار و 500 خانوو رووخاون"
دیمه‌نێكی لافاو له‌ ئه‌فغانستان.. ئه‌رشیڤ
دیمه‌نێكی لافاو له‌ ئه‌فغانستان.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی دەوڵەت بۆ ئیدارەدانی کارەسات لە حکوومەتی کاتیی تاڵیبان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، بەهۆی ئەو لافاوەی ماوەی دوو رۆژی رابردوو 10 ویلایەتی ئەفغانستانی گرتووەتەوە، 13 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوكه‌دا هاتووه‌: بەهۆی ئەو لافاوەی لە ئەنجامی بارانی بەخوڕەوە لە 10 ویلایەت، کە ویلایەتەکانی مەیدان ڤارداک، پاکتیکا، نانگەرهار، نوریستان، پەرڤان، پەنچشیر و پاکتیا-ش لە نێویاندایە، 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 20 کەسیش برینداربوونە.

ئاماژە بەوەش کراوە، زیاتر لە 2 هەزار و 500 خانوو رووخاون و نزیکەی 2 هەزار سەر ئاژەڵیش لەناوچوون. تیمەکانی هاوکاریی سەرەتایی بۆ ناوچەکانی لافاوەکان نێردراون و هاوکاریی مرۆیی سەرەتایی گەیەندراوەتە زیانلێکەوتوانی لافاوەکە.

ئاشکراشکراوە، چەند رێگایەکی نێوان شارەکان داخراون و زیانیان بەرکەوتووە و تیمەکان سەرقاڵی کردنەوەی رێگاکانن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکە، بەهۆی ئەو لافاوانەی لە ماوەی مانگی رابردوودا لە 20 ویلایەت روویداوە، زیاتر لە 80 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 120 کەسیش برینداربوون.