جێگیرکردنی سوپای عێراق لەسەر سنوورەکان کوردستان رەتدەکرێتەوە

ئەگەر بەغدا نیەتپاکە، با سێ لیوای دیکە هیزی پاسەوانی سنوور دروست بکات و لەو رێگەیەوە دەتوانن هەموو سنوورەکان بپارێزن
هێزی پاسەوانی سنوور
هێزی پاسەوانی سنوور

K24 – هەولێر

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، جێگیرکردنی هێزێکی سوپای عێراق لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە و گوتی: ئەگەر نیەتیان پاکە، با سێ لیوای دیکەی هێزی پاسەوانی سنوور دروست بکەن و ئەوان لەسەر سنوورەکان جێگیر بکرێن.

تۆپبارانی هاوینەهەوارێکی گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆ کە بە هۆیەوە نۆ گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراق گیانیان لەدەستدا و 31ی دیکەش برینداربوون، کاردانەوەی توندی شەقامی عێراقی و پەرلەمان و حکومەتی لێکەوتەوە.

چەندین ساڵە سوپای تورکیا بە بیانووی "شەڕی تیرۆر" و رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سنوورە هاوبەشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات.

ئێستا سێ لیوای هێزی پاسەوانی سنوور کە لە رووی ئیدارییەوە سەر بە حکومەتی بەغدان، ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی کوردستانیان لەسەر شانە، بەڵام رووداوەکەی پەرەخ، بەرپرسانی بەغدای هاندا بۆ ئەوەی بیر لە جێگیرکردنی هێزی سوپای عێراق لە سنوورەکانی کوردستان بکەنەوە.

ریڤینگ هرووری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، بە تەواوی ئەو پێشنیارەی بەغدا رەتدەکاتەوە. ئەو بە کوردستان24 دەڵێت: ئێمە سێ لیوای پاسەوانی سنوورمان هەیە و ئەگەر بەغدا نیەتپاکن، با سێ لیوای دیکە دروست بکەن و لەو رێگەیەوە دەتوانن هەموو سنوورەکان بپارێزن.

هاوکات شارەزایەکی سەربازیش پێیوایە سوپای عێراق بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ لە پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت.

محەمەد سابیر، شارەزای سەربازی، دووپات لەوە دەکاتەوە کە هۆکاری جوگرافی و شارەزایی لە ناوچەکە، رۆڵی سەرەکی لە سەرکەوتنی هەر هێزێک لە ناوچەکە دەگێڕێت.

ئەو بە کوردستان24 دەڵێت: بۆ پاراستنی سنوورەکان، پێویستە هێزی پێشمەرگە پڕ چەک بکرێت و لە هەموو روویەکی لۆجستیکەوە ئیدارە بدرێت، چونکە پێشمەرگە زیاتر شارەزای سروشت و ئاوهەوای ناوچەکەیە و دەتوانن لەگەڵ خەڵکەکە بگونجێن و تێچووشی کەمترە".

هێرش بە سەر هەرێمی کوردستان تەنیا لە سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ تورکیا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە نییە، بەڵکو لەو ناوچانەشەوە دەکرێت کە بۆشایی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە.