ژمارەیەک پێشمەرگەی کۆمەڵە دەکەونە بۆسەی هێزەکانی ئێران
K24 – هەولێر
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ئاشکرای کرد، لە سنووری پارێزگای ورمێ-ی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەک پێشمەرگەیان کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی ئێران و بە دیل گیراون.
سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوودا، لە ئەنجامی چالاکییەکی تەشکیلاتی بۆ کاری رێکخستن لە ناوچەی سۆماوبرادۆست، سەربە پارێزگای ورمێ، تیمێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، دەکەونە بۆسەی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەداخەوە ژمارەیەک لە پێشمەرگەکان دەستبەسەر دەکرێن".
لە راگەیەندراوەکەی کۆمەڵەدا هاتووە: "سەبارەت بەم رووداوە، لە رۆژانی داهاتوودا زانیاری زیاتر بۆ رای گشتی بڵاودەکەینەوە".