وەزیری بەرگری عێراق: ئەنقەرە بەرپرسە لە کوژرانی هاووڵاتیان لە پارێزگای دهۆک

"تورکیا لە هێرشەکەی سەر گوندی پەرەخ تۆپی قورسی جۆری 155 ملیمی بەکارهێناوە"
جومعە عناد، وەزیری بەرگری عێراق
جومعە عناد، وەزیری بەرگری عێراق

K24 - هه‌ولێر:

جومعە عناد، وەزیری بەرگری عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تورکیا شەڕی داعش و ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵی بۆ هاتنە نێو خاکی عێراق قۆستووەتەوە و 20 کیلۆمەتریش سنووریان بەزاندووە.

وەزیری بەرگری عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئەنقەرە بەدەم داواکاری بەغدا بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە سەربازگەی زیلکانەوە نایەت، ئەو هێزەشی لە سەربازگەی زیلکان جێگیرکراوە، لیوایەکە و 20 کیلۆمەتریش سنووریان بەزاندووە.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، چەکدارانی پەکەکەش دۆخی ناوچە سنووریەکانیان قۆستووەتەوە و هاتوونەتە نێو خاکی عێراق.

جومعە عناد ئاشکراشیكرد، تورکیا لە بۆردومانەکەی گوندی پەرەخ تۆپی قورسی جۆری 155 ملیمی بەکارهێناوە و ئەنقەرە بەرپرسە لە کوژرانی هاووڵاتیان لە پارێزگای دهۆک.

رۆژی 20ی ته‌ممووزی 2022 تۆپخانەکانی تورکیا هاوینەهەواری گوندی پەرەخ-یان لە سنووری ناحیەی دەرکاری سەر بە زاخۆ تۆپباران کرد، لە ئەنجامدا 9 گەشتیاری عەرەب شەهیدبوون و زیاتر لە 25 گەشتیاری دیکەش برینداربوون.