ڤلادیمێر پوتن سەردانی ئێرانی نەکردووە

"ئەوەی چەند رۆژ لەمەوبەر سەردانی ئێرانی کرد، پوتن نەبوو، بەڵکو کەسێکی دیکەیان لەبری ئەو بەکارهێناوە"
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا لە کاتی دابەزینی لە فرۆکەکە
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا لە کاتی دابەزینی لە فرۆکەکە

K24 – هەولێر

دوای تێپەڕبوونی 22 ساڵ بەسەر راپۆرتی دەزگای زانیاریی رووسیا لەبارەی بەکارهێنانی کەسێکی دیکە بەجێی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا، بەرپرسانی ئۆکرانیا دووپاتیان کردووەتەوە کە لە دواسەردانی پوتن بۆ ئێران، شتێکی هاوشێوەی روویداوە.

پوتن، ئەوکات راپۆرتەکەی دەزگای زانیاری رەتکردەوە، بەڵام رۆژنامەی "سەن"ی بەریتانی لەسەر زاری بەرپرسێکی دەزگای زانیاریی ئۆکرانیا بڵاویکردووەتەوە کە "ئەوەی چەند رۆژ لەمەوبەر سەردانی ئێرانی کرد، پوتن نەبوو، بەڵکو کەسێکی دیکەیان لەبری ئەو بەکارهێناوە".

رۆژنامەکە نووسیویەتی: ماوەیەکی زۆرە دەنگۆی ئەوە هەیە کە ڤلادیمێر پوتن تووشی نەخۆسی شێرپەنجە بووە، بەڵام بینیمان لە کاتی سەردانیدا بۆ تاران و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، زۆر چالاکتر و بە جووڵەتر بوو لە ئاستی ئاسایی خۆی.

کریلۆیا بودانۆف، سەرۆکی دەزگای زانیاریی ئۆکرانیا گوتی: جووڵە و چالاکی پوتن لەو دیدارەیدا نائاسایی بوو، ئەو پیاوەی لە فیلمەکە دەبیندرا، ڤلادیمێر پوتن نەبوو. سەرنج بدەنە کاتی دابەزینی پوتن لە فڕۆکەکەی، ئەرێ ئەوە پوتن بوو؟ بە هیچ شێوەیەک ئەوە، پوتن نەبووە.

کەناڵی General SVR لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام کە بە کەناڵێکی دژە پوتن ناسراوە و لەلایەن ئەفسەرێکی پێشووی دەزگای زانیاری رووسیاوە ئیدارە دەکرێت، مانگی ئایاری رابردوو بڵاویکردەوە، زیاتر لە کەسێکی هاوشێوەی پوتن، ئامادەکراوە بۆ ئەوکاتەی کە نەشتەرگەری بۆ سەرۆکی رووسیا دەکرێت.

سەرۆکی رووسیا لە کاری دیداری لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی
سەرۆکی رووسیا لە کاری دیداری لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی

ئەو کەناڵە بڵاویکردووەتەوە، هەندێک ڤیدیۆی پوتن لە کاتی ئیمزاکردن و لە کۆبوونەوەکاندا نیشان دەدرێن، لە راستیدا ئەو ڤیدیۆیانە پێستر تۆمارکراون و تەنیا بۆ ئەوە نمایش دەکرێن تا بڵێن کە تەندروستی سەرۆکی رووسیا جێگیرە.

لە دەستپێکی هێرشی سوپای رووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا، قسە لەبارەی ناجێگیربوونی تەندروستی پوتن دەکرێت. دوای ئەوەی سەرۆکی رووسیا لە کاتی نمایشی رێوڕەسمێکی سەربازیدا، پێی خۆی دادەپۆشی، ئەو قسە و دەنگۆیانە زیاتر بوون.

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە دەزگای زانیاریی رووسیا لە ساڵی 2000 پێشنیاریان بە پوتن کردووە، لە کاروبار و رێوڕەسمە سەربازییەکاندا، کەسێکی هاوشێوەی ئەو دابندرێت، بەڵام پوتن ئەوەی رەتکردووەتەوە.

ماڵپەڕی "یۆرۆنیوز" لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی تەندروستی ڤلادیمێر پوتن بڵاوکردەوە. "یۆرۆنیوز" لەو راپۆرتەدا پشتی بە زانیارییەکانی ماڵپەڕی لێکۆڵینەوەی "پرۆکت" بە زمانی رووسی بەستووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کاتێک ئەمساڵ ڤلادیمێر پوتن چووە ماڵەکەی خۆی لە شاری "سووچی"، کۆمەڵێک پزیشک لە رێگەی بەلەمەوە گەیشتنە ئەو شارە، "یوگنی سیلیڤانۆف"، پزیشکی ناودار و پسپۆر لە بوای شێرپەنجەی دەرەقی، لە نێو ئەو پزیشکانەدا بوو.  

هەڵبەت بۆچوونی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا، بەتەواوی پێچەوانەی قسەکانی ڤیلیام برۆنز، سەرۆکی دەزگای زانیاریی ئەمەریکایە. ڤیلیام برۆنز، گوتبووی: دەنگۆی زۆر لەبارەی تەندروستی ڤلادیمێر پوتن هەیە، بەڵام تەنیا شتێکم بۆ گوتن هەبێت، ئەوەیە کە تەندروستی پوتن زۆر جێگیرە.