146 كه‌س له‌ كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعش راده‌ستی تاجیكستان كرانه‌وه‌

"ئه‌وانه‌ی راده‌ستی شانده‌كه‌ی تاجیكستان كراونه‌ته‌وه‌، 42 ژن و 104 منداڵن و‌ منداڵی بێ دایك و باوكیشی تێدایه‌"
ژنێكی تاجیكستانی له‌ناو پاسه‌ و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كه‌سی دیكه‌ ئاماده‌كران راده‌ستی باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی بكرێته‌وه‌.. فۆتۆ: AFP
ژنێكی تاجیكستانی له‌ناو پاسه‌ و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كه‌سی دیكه‌ ئاماده‌كران راده‌ستی باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی بكرێته‌وه‌.. فۆتۆ: AFP

K24 - هه‌ولێر:

له‌ رۆژئاوای كوردستان 146 ژن و منداڵ راده‌ستی شاندێكی تاجیكستانی كرایه‌وه‌‌، كه‌ كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعش بوون و له‌ كه‌مپه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی خۆسه‌ر چاودێری ده‌كران.

ئاژانسی فرانس پرێس له‌ زاری "فه‌نه‌ر كه‌عیت"، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی خۆسه‌ر بڵاویكرده‌وه‌، 146 كه‌س له‌ ژن و منداڵان راده‌ستی "زه‌به‌یدوڵڵا زه‌به‌یدۆڤ" باڵیۆزی تاجیكستان له‌ كوه‌یت كراوه‌ته‌وه‌‌.

به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی خۆسه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ئه‌وانه‌ی راده‌ستی تاجیكستان كراونه‌ته‌وه‌، 42 ژن و 104 منداڵن، كه‌ منداڵی بێ دایك و باوكیشی تێدایه‌، له‌ كه‌مپی "هۆل" له‌ پارێزگای حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان چاودێرییان ده‌كران.

4564

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و ژنانه‌ی راده‌ستی شانده‌كه‌ی تاجیكستان كراونه‌ته‌وه‌، به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، له‌ ناوچه‌كانی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا هیچ تاوانێك و كردیه‌كی تیرۆریستییان ئه‌نجام نه‌داوه‌‌.

ئاژانسی فرانس پرێس روونیكرده‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌و ژنانه‌ی له‌ناو پاسه‌كانی گواستنه‌وه‌ بوون، تا راده‌ستی تاجیكستان بكرێنه‌وه‌، ده‌موچاویان داپۆشی بوو و نه‌ده‌ناسرانه‌وه‌.

554

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، دوای گفتوگۆیه‌كی یه‌ك مانگی، یه‌كه‌م كاروانی هاووڵاتیانی تاجیكستانی راده‌ستی باڵیۆزی ئه‌و وڵاته‌ له‌ كوه‌یت كرانه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌كه‌ی ئیداره‌ی خۆسه‌ر به‌ ئه‌رێنی وه‌سفكراوه‌.

له‌ كاتی راده‌ستكردنه‌وه‌ی ژن و منداڵه‌كان، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی زه‌به‌یدۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ماوه‌یه‌كه‌ له‌لایه‌ن تاجیكستانییه‌كانه‌وه‌ هه‌موو رێوشوێنێكی پێویست بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و ژن و منداڵانه‌ گیراوه‌ته‌به‌ر، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.

456546

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌م كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات، هاووڵاتییه‌ تاجیكییه‌كان له‌ ژن و منداڵان، كه‌ ئێستا له‌ هه‌ردوو كه‌مپی "هۆل" و "رۆژ" هه‌ن، بیانگه‌ڕێنێته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی فرانس پرێس، چه‌ند وڵاتێك هاووڵاتییه‌كانی خۆیان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌، كه‌ خێزانی چه‌كداره‌كانی داعشن و له‌ كه‌مپه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی خۆسه‌ر گیریانخواردووه‌، ئۆزباكستان، كازاخستان و كۆسۆڤۆ-یش له‌ وڵاتانه‌ن.

435345

به‌ پێی داتایه‌كی رێكخراوی مافی مرۆڤ-ی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان، زیاتر له‌ 41 هه‌زار كه‌س، كه‌ له‌ ده‌یان نه‌ته‌وه‌ی جیاوازن و زۆربه‌یان منداڵان، له‌ گرتووخانه‌ و كه‌مپه‌كانی ئیداره‌ی خۆسه‌ر گیریانخواردووه‌ و وڵاته‌كانیان ده‌ستپێشخه‌رییان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان نییه.

32344
434435