سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: کاردەکەین بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەی داهات

"لە کابینەی نۆیەمدا 1212 پرۆژەمان پەسەندکردووە"
محه‌مه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی وه‌به‌رهێنان
محه‌مه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی وه‌به‌رهێنان

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا 1212 پرۆژەیان پەسەندکردووە و بۆ فرە چەشنکردنی سەرچاوەی داهاتیش کاردەکەن.

د.محه‌مه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان، لە گوتارێکدا باسی لە گرنگترین کار و چالاکییەکانی دەستەکەی کرد و دەڵێت "لەم کابینەیەدا کار و ستراتیژیەتی ئێمە ئەوە بووە، کە لە رێگەی وەبەرهێنانەوە کاربکەین بۆ بنیادنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز، ئەویش بە فرەچەشنکردنی داهات بەمەبەستی گەیشتن بە ئابووری خۆژێنی".

بەگوێرەی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، 1212 پرۆژە پەسەندکراون کە 298 پڕۆژەی بازرگانی و 287 پڕۆژەی پیشەسازی و 174 پڕۆژەی گەشتیاری و 82 پڕۆژەی کشتوکاڵییان تێدایە و پرۆژەکان لە قۆناغی وەرگرتنی مۆڵەتدان و لە ئایندەدا رەنگدانەوەیان لەسەر بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری دەبێت.

هەروەها 203 پرۆژە بە سەرمایەی 12 ملیار دۆلار، مۆڵەتیان پێدراوە، کە پێکهاتوون لە 58 پرۆژەی پیشەسازی، 49 پرۆژەی بازرگانی، 29 پرۆژەی گەشتیاری، 22 پرۆژەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، 14 پرۆژەی نیشتەجێبوون، 12 پرۆژەی تەندروستی، 8 پرۆژەی کشتوکاڵی و 11 پرۆژەی سێکتەرەکانی دیکە.

محەمەد شوکری باسی لەوەشکرەدوە، کە لە ئەنجامی لێپێچینەوە و بەدواداچوونەکانیان، بەهۆی کەمتەرخەمییەوە 35 مۆڵەتی وەبەرهێنان هەڵوەشێندراونەتەوە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵیت "هەنگاوی کرداریمان ناوە بۆ کەمکردنەوەی رۆتینات و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی وەبەرهێنان، ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان 52 بڕیاری تایبەتی دەرکردوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها دەستەی وەبەرهێنان دەسەڵاتەکانی خۆی دابەزاندووە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگای هەڵەبجەمان کاراکردووە و بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی ئیدارە سەربەخۆکانی (گەرمیان – راپەڕین – زاخۆ - سۆران)مان فراوەنکردووە".

دەستەی وەبەرهێنان (سەنتەری راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی) کردووەتەوە، بە ئامانجی راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان، دەستەکە پلانیشی داناوە بۆ دروستکردنی نه‌خشه‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان.