پارتی بۆ گۆڕان: رۆڵی گرنگی ئێوە لە حوکمڕانی و پرۆسەی سیاسیدا بەرز دەنرخێنین

"هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین لە خزمەتگەیاندن بە دۆزی رەوای گەلەکەمان"
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و لۆگۆی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و لۆگۆی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

K24 – هەولێر

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی یادی 13 ساڵەی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگه‌یاند، "رۆڵی گرنگی ئێوە لە ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم و پرۆسەی سیاسی بەرز دەنرخێنین".

لە پەیامەکەیدا، مەکەتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، جگە لە پیرۆزبایی لە ئەندامان و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین لە خزمەتگەیاندن بە دۆزی رەوای گەلەکەمان".

ئەمڕۆ 13 ساڵ بەسەر بەشداری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕاندا تێپەڕی، پارتی لە بارەی چالاکییەکانی ئەو بزووتنەوەیەوە ئاماژەی بەوەداوە کە "رۆڵی گرنگی ئێوە لە ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم و پرۆسەی سیاسی بەرز دەنرخێنین، هەروەها جەخت دەکەینەوە سەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی گشت مافەکانمان".

هەر لەو پەیامەیدا مەکتەبی سیاسی پارتی بە بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "هیوادارین بە هەموو لایەک دڵسۆزانە و بەرپرسانەتر هەوڵبدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان و پتەوترکردنی بنەماکانی پێکەوەژیانی سیاسی و دیموکراسی و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی رۆشن و فەراهەمکردنی گوزەرانێکی شایستەتر بۆ هاووڵاتیان و گەلە خۆڕاگرەکەمان".

بزووتنەوەی گۆڕان، بە سەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا، لە 25ی تەممووزی 2009 دا بە لیستێک بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و توانی 25 کورسی پەرلەمانەکە لە کۆی 111 کورسی بەدەستبهێنێت، دواتریش بزووتنەوەکە وەک لایەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەستی بەکارەکانی کرد.