یەکێتی ئەوروپا ڤاکسینێكی ئاوڵەی مەیموونی پەسەندکرد

تاکە ڤاکسینە کە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە مۆڵەتی پێدراوە
ئاوڵەی مەیموون
ئاوڵەی مەیموون

K24 - هەولێر:

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (25ـی تەمووز) كۆمسیۆنی ئه‌وروپا ره‌زامه‌ندی دا له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ڤاكسینێکی دانیمارکی کە بۆ خۆپارستن لە ئاوڵەی مەیموون بەکاردێت.

دوای ئەوەی ئاژانسی دەرمانی ئەوروپی (EMA)، رۆژی هەینی رەزامەندی دا لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینی ئیمڤانێکس دژی ئاوڵەی مەیموون، ئەمڕۆ کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ڤاکسینەکەی پەسەندکرد، کە لەلایەن کۆمپانیای Bavarian Nordic بەرهەمدەهێنرێت.

هەروەها پەسەندکردنی ئەم ڤاکسینە لەدوای ئەوەش دێت کە نزیكه‌ی 17 هه‌زار كه‌س له‌ 74 وڵاتدا تووشی ئاوڵه‌ی مه‌یموون بوون و رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیش نیگه‌رانی خۆی دەربڕی و باری له‌ناكاوی ته‌ندروستی گشتی لەو وڵاتانە راگه‌یاند.

ڤاکسینی ئیمڤانێکس لە ئەمەریکا بە ناوی (جینێۆس) دەخرێتە بازاڕەوە، کە لە ساڵی 2019ـەوە لە ئەمەریکا پەسەندکراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون، ئەمەش وایکردووە ببێتە تاکە ڤاکسین، کە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە مۆڵەتی پێدراوە.

کۆمپانیاکە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا داواکارییەکی نوێی ئەمەریکای ئاشکرا کرد، کە ژمارەی ئەو ژەمە دەرمانانەی لە ئەمریکاوە داواکراوە دەگاتە 7 ملیۆن کەس.

ئاوڵه‌ی مەیموون نه‌خۆشییه‌كی ده‌گمه‌نه‌ و سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌ ئه‌فریقیاوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، به‌گشتی نیشانه‌كانی تا و ئازاری ماسولكه‌ و ئه‌ستووربوونی غوده‌ لیمفاوییه‌كان و قڵیشانی پێسته‌ له‌سه‌ر ده‌ست و ده‌موچاوه‌.

ڤایرۆسی "ئاوڵەی مەیموون"، لە رێگەی نزیکبووەنەوە لەیەکتر لە کاتی بەریەککەوتنی (شوێنی برین، شلەی جەستە، دڵۆپەکانی هەناسەدان، ئەو جێگە خەوەی کەسی تووشبوو تێدا دەمێنێتەوە) دەگوازرێتەوە.